گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: زیاتر لە 37 هەزار کەس دادەمەزرێنین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 37 هەزار کەس لەلایەن وەزارەتەکەوە بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن، بەڵام هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
خالید مەحنا، گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین لەگەڵی ئەنجامی دا، پرسی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر، چەکی بێمۆڵەت لە عێراق، کێشەی جووتیارانی کەرکووک و هاوئاهەنگیی وەزارەتەکە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی تاوتوێکرد.
خالید مەحنا ئاماژەی بەوە کرد، گرێبەستی دامەزراندنی ئەو 37 هەزار کەسە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت بە مووچەی مانگانەی 500 هەزار دینار. گوتیشی، ئەو دامەزراندنە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، ''چونکە لە بەندەکانی بودجەدا بڕیارەکە بەو جۆرە نییە" کە ئەوان بگرێتەوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر بەهێز کراوە و بە ئاژانسی هەواڵگریی سەر بە وەزارەتی ناوخۆوە بەستراوەتەوە و ''ئەنجام و بەرهەمی ئەو رێکارەش دەرکەوتووە؛ لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە ژمارەی ئەوانەی دەستگیرکراون گەیشتووەتە 10 هەزار تۆمەتبار؛ ملیۆنان پارچە حەب لەوانەی کاریگەرییان لەسەر مێشک و بیرکردنەوە هەیە و سەدان کیلۆ مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە.''
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خالید مەحنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق:
رووداو: مەرجی دامەزراندنی ئەو 15 هەزار کەسە کە بە گرێبەست دادەمەزرێن چییە؟
خالید مەحنا: بەڵێ، سڵاوم بۆ بەڕێزتان و بینەرانی بەڕێز.. لە راستیدا بەشێک لە بودجەدا هەبوو بۆ وەرگرتنی 37 هەزار و 100 کەس بۆ کارکردن بە گرێبەست لە وەزارەتی ناوخۆ کە ئەمانە دابەش دەبنە سەر بەشە جیاوازەکانی پۆلیس وەکو فریاکەوتن و پۆلیسی لۆکاڵی و هاتووچۆ و بەرگریی شارستانی. ئێستاش وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ وەرگرتنی ئەو ژمارەیە، دوای جیاکردنەوەیان و دوای ئەوەی تیروپشک بۆ ناوەکان دەکرێ. تیروپشکیش بەدەستی دەکرێ. بڕیار بوو تیروپشکەکە ئەلیکترۆنی بێت بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی داواکاری کە پێشکێشی وەزارەتی ناوخۆ کراوە بۆ دامەزراندن لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستانە، بەڵام جەنابی وەزیر وای بە باش زانی کە لە هەر ناوچە و هەر پارێزگایەک بەدەستی بێت و دەزگا میدیاییەکان ئامادەی بن و تەنانەت هەرکەس پێی خۆشە ئامادە بێت بۆئەوەی پرۆسەیەکی شەفاف بێت و لەبەرچاوی هەمووان بێت و دواتر کەس گلەیی لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی رێکارەکانی ئەو دامەزراندنە نەکات. وەزارەتی ناوخۆ هەروەها ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ پێشوازی لەوانەی ناویان لە تیروپشکەکە دەردەچێ و بنکەی راهێنانی بۆ ئامادەکردوون. ئەوانەی وەردەگیرێن دوو خول دەبینن؛ خولێکی سەرەتایی و خولێکیش تایبەت دەبێت بەو بەشەی کە کارمەندەکە دەیەوێ گرێبەستی تێدا بکات. ئامادەکارییەکانیش بریتین لە دابینکردنی پێداویستی، جلوبەرگی تایبەت بۆ ئەو کەسەی راهێنانەکەی پێ دەکرێت کە بە خۆڕاییە، هەروەها هێنانی فێرکار و دابینکردنی بنکەی راهێنان و هەموو ئەوانە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە تەواو کراون و ئامادەن و بەهیواین ئەم پرۆژەیە و ئەم گرێبەستە ببێتە سەرەتایەک بۆ هێنانی خوێنی نوێ بۆ ریزەکانی پۆلیس، چونکە زۆر کارمەندی پۆلیسمان هەن کە تەمەنیان هەڵکشاوە.
رووداو: ئەم ژمارەیە بە چ شێوەیەک لەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێن؟
خالید مەحنا: بەڵێ، بەڕاستی ئەوە لەبەرچاو گیراوە کە رێژەی دانیشتووان لە هەر پارێزگایەک چۆنە و ژمارەکان لەسەر ئەو بنەمایە دیاری کراون؛ ئەوە لەلایەک؛ هەروەها پێکهاتەی دانیشتووانیش لە هەر پارێزگایەک لەبەرچاو گیراوە و رێژەکە بەجۆرێک دەبێت کە دادپەروەری تێدا پارێزراو بێت. خشتەکە رادەگەیێندرێت؛ خشتەی تیروپشکەکە لە وەزارەتی ناوخۆ رادەگەیێندرێت و دەزگاکانی میدیاش ئامادە دەبن، ئامادەبوون بۆ هەموو کەسێکە.
رووداو: ئەو دامەزراندنە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت؟
خالید مەحنا: نا بڕوا ناکەم، چونکە لە بەندەکانی بودجەدا بڕیارەکە بەو جۆرە نییە.
رووداو: مووچەی مانگانەیان دیاریکراوە؟
خالید مەحنا: بەڵێ، بێگومان شتەکە بەوجۆرەیە کە گرێبەستێکە بۆ ماوەی سێ ساڵ و بە مووچەی 500 هەزار دینار. گرێبەستەکە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئەو کەسەی داوا پێشکەش دەکات بەو جۆرە دەبێت.
رووداو: ئەو بڕە مووچەیە کەم نییە؟
خالید مەحنا: لە راستیدا وەزارەتی ناوخۆ هەندێ کێشەی گەورەی هەیە؛ یەکەم، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پرەنسیپی لابردن و نوێکردنەوە رەچاو نەکراوە، بەوهۆیەوە وەزارەت زیاتر لە 50 هەزار پلەی وەزیفی لەدەستچووە. لەلایەکی دیکەوە ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی شەش تاوەکو حەوت ساڵی رابردوودا هیچ خۆبەخشی ئەوتۆی نەبووە، هەروەها بەهۆی ئەو کێشانەش کە تایبەت بوون بە بودجەوە، نەتوانراوە داوای دامەزراندن بە ژمارەی زۆر پەسند بکرێ، لەکاتێکدا وەزارەت پێویستی بە کارمەندی نوێ هەبووە و تەمەنی کارمەندەکانی هەڵکشاون، هەموو ئەوانە وایان لە بەڕێز وەزیری ناوخۆ کرد کە پێشنیازێک بخاتەڕوو بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە رێگەی گرێبەستی کاتییەوە. ئەم گرێبەستە سوودی زۆری تێدایە بۆ وەزارەتی ناوخۆ. یەکەم ئەوانەی دێن لە رووی تەمەنەوە گەنجن و دەکرێ ماوەی خزمەتکردنیان درێژتر بێت؛ لە هەمان کاتدا، کاری پۆلیس لەم سەردەمەدا پێویستی بە توانای جەستەیی و وزە و هێز هەیە و ئەمانەش لە کەسانی گەنجدا هەن. جگە لەوەش، ئەمە بێگومان جارێ بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ ئەو نیازەی هەیە کە هەرکاتێک دەست بە پرۆسەی لابردن و نوێکردنەوە کرا، کاری لەپێشینە بۆ ئەوانە دەبێت کە گرێبەستیان هەیە؛ لەو ماوەیەدا کە ماوەی تاقیکردنەوە دەبێت بۆ ئەوان، ئەوانە دوور دەخرێنەوە کە توانایان نەماوە یان ئاماژەی وا هەن کە شتیان لەسەرە، لەو ماوەیەدا شتەکان رۆشن دەبنەوە و ئەوانە دوور دەخرێنەوە کە وەزارەت نایەوێ چیدی بەردەوام بن لە کارەکەیان بەو هۆکارەی گرێبەستەکانیان کاتین و ئەوانەی کە دەمێننەوە دەبنە هەمیشەیی. ئەمە لە پلانی وەزارەتدا هەیە بەڵام هێشتا بە فەرمی بڕیاری لەسەر نەدراوە، ئەمە وەڵامی پرسیارەکەی بەڕێزتە.
رووداو: بابابەتی دامەزراندنی پاسەوان سنوورەکان بە کوێ گەیشت؟
خالید مەحنا: پێم وایە ئێستا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێ و لەم ماوەیەدا، یان رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی ئەوەش دەربکەوێ و وەزارەتی ناوخۆ رایبگەیەنێ.
رووداو: ئەگەر بە دروستی بزانین، کەی بڵاو دەکرێتەوە؟
خالید مەحنا: بە وردی نازانم، بەڵام هەندێ رێکاری کارگێڕی ماون، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئەوەش رادەگەیەنرێ.
رووداو: چ پلانێک بۆ نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت لە عێراق هەیە؟
خالید مەحیا: بەڵێ، راستییەکەی لیژنەیەکی باڵا هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ کە بە سەرۆکایەتیی بەڕێز وەزیری ناوخۆ و ئەوە لیژنەی باڵای سنووردارکردنی چەکە لە دەستی دەوڵەتدا. ئەم لیژنەیە ستراتیژییەکی داناوە کە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێ؛ قۆناخی یەکەم کە ئێستا تێیدا دەستمان بە کار کردووە، بریتییە لە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و یەکخستنی داتاکانی تایبەت بە چەک کە لەدەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەروەها ئەو چەکانەی بە مۆڵەت لەدەستی خەڵکدان و ئەمەش بابەتێکی زۆر گرنگە، چونکە ئەمڕۆ ئەگەر بتوانین یەک بنکەی داتا و زانیاریی یەکگرتوومان هەبێ لەبارەی چەکەکانی بەردەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە سەربازی و مەدەنییەوە، کەواتە ئێمە دەستمان داناوە لەسەر خاڵێکی زۆر گرنگ. لەلایەکی دیکەوە، هەندێ رێکاری دیکە هەن پەیوەستن بە دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ بەخشینی مۆڵەت؛ ئەمە پێشتر زۆر بە بەرفراوانی کراوە، سەرەڕای یاسایەکی بەرکار کە یاسای چەکە و رێگە بە هەڵگرتنی چەک دەدات. ئێمە لە راستیدا لە وەزارەتی ناوخۆ، پێمان وایە کێشەکە لە خودی خاوەنداریی چەکدا نییە و لەوەدا نییە کە لە ماڵاندا چەک هەیە؛ ئەوە کێشەیەک نییە و هەڕەشەی ئەمنی دروست ناکات، بەڵکو هەڕەشەکە لە ئاسان بەکارهێنانی چەکدایە لەو کێشانەی کە روودەدەن؛ کێشەی هۆزایەتی یان کەسێک کە بەپشتی هۆز هەڕەشە لە کەسێک دەکات، یان لە شەڕێکی ئاسایی و لە تەقەکردنی هەڕەمەکی لە بۆنە خۆش و ناخۆشەکاندا؛ کێشە راستەقینەکە کە رووبەڕووی ئێمە وەکو کۆمەڵگەی عێراقی دەبێتەوە لەوانەدایە؛ بۆیە ئێستا بەو ئاراستەیە دەڕۆین کە رێکارەکان تووندتر بکەین دژی ئەوانەی لە کێشەی هۆزایەتی یان لە کێشەی تایبەتی و کۆمەڵایەتییدا پەنا بۆ بەکارهێنانی چەک دەبەن. بەمجۆرە و بە تووندکردنی رێکارەکان، هاوکات بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە رێگەی بەڕیوەبەرایەتیی کاروباری هۆزەکان و بە هاوکاری لەگەڵ سەرۆک هۆزەکا، هەموو ئەمانە دەتوانن ئەنجامێکی پۆزەتیڤیان هەبێ لەسەر کەمکردنەوەی رووداوەکان و ناکۆکییەکان کە چەکیان تێدا بەکاردێت. ئەم ستراتیژییە ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، پێم وایە ئەم دیاردانە سنووردار دەبن. لەگەڵ ئەوەش ناوبەناو گەڕان و پشکنینی بەرفراوان هەن و هەتا ئێستاش بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکان لە رێگەیەوە دەست بەسەر چەکی جۆراوجۆردا دەگرن.
رووداو: هیچ ئامارێک لەسەر ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە هەیە؟
خالید مەحنا: بەڕاستی پێم وانییە هیچ کەسێک و هیچ رووپێویەکی مەیدانی بتوانێ ژمارەی راستەقینەی چەک دەربخات؛ هۆیەکەش ئەوەیە کە هەڵگرتنی چەک خۆی نایاساییە و لێپرسینەوەی یاسایی بەدواوەیە؛ ئەوانەی چەکی نایاساییان هەیە ناچن بڵێن ئێمە چەکمان هەیە تا تۆ لە داتادا تۆماری بکەی؛ بۆیە هەر ژمارەیەک کە ناوبەناو لەبارەی ژمارەی چەک بڵاودەکرێتەوە راست نییە و وردیش نییە.
رووداو: هیچ ئامارێک هەیە لە عێراق چەند کەس لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون؟ چ ئەو کەسانەی بەکارهێنەرن و چ ئەوانەی بازرگانی پێوە دەکەن.
خالید مەحنا: لە دۆسیەی مادەی هۆشبەردا رێکاری زۆر گەورە و بەرفراوان لە وەزارەتی نێوخۆ هەن. پێم وایە کاتەکە بەشی ئەوە ناکات بە وردەکارییەوە قسەی لەسەر بکەم، بەڵام دەکرێ بابەتەکە لە هەندێ رێکاردا پوخت بکەمەوە کە وەزارەتی ناوخۆ کاری لەسەر کردوون. یەکێک لەو رێکارانە بەهێزکردنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرە و هەروەها بەستنەوەیەتی بە ئاژانسی هەواڵگریی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لەپێناوی بەردەستخستنی توانا تەکنیکی و هەواڵگرییەکان و تیمە تایبەتەکان؛ هەموو تواناکانی وەزارەتی ناوخۆ خراونەتە بەردەستی ئەو بەرێوەبەرایەتییە، ئەنجام و بەرهەمی ئەم رێکارەش دەرکەوتووە و زۆر بە روونی لەو دەستکەوتانەدا دیارە کە چ لەسەر ئاستی چەندێتی و چ لەسەر ئاستی جۆرەکی بەدیهاتوون. لەسەر ئاستی چەندێتی، لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە ژمارەی ئەوانەی دەستگیرکراون گەیشتووەتە 10 هەزار تۆمەتبار؛ ملیۆنان پارچە حەب لەوانەی کاریگەرییان لەسەر مێشک و بیرکردنەوە هەیە و سەدان کیلۆ مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە. لە رووی جۆرییەوە، زۆرینەی ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون لەوانەن کە بازرگانییان بەو مادانە کردووە. لە ساڵانی پێشتردا داتاکان وایان دەردەخست کە زۆرینەی هەرە زۆری دەستگیرکراوان لە بەکارهێنەرانن، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە تۆڕە گەورەکانی هێنان و بردنی مادەی هۆشبەر؛ بۆیە پێشتر تووشی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری نەدەبووین، چونکە بەکاربەر یان بازرگانێکی بچووک هیچ میلیشیایەکی لەبەردەست نییە؛ ئەوە گرووپە گەورەکان و باندەکانن، تۆڕە سەرەکی و گەورەکانن کە میلیشیای چەکداریان هەیە؛ بۆیە پێکدادانی زۆر روویانداوە و شەهیدمان داوە. زۆر لە بازرگانە گەورەکانیش لەوانەیە لە زۆر ناوچەی جیاواز و بەرفراوان....
رووداو: مادەی هۆشبەر زیاتر لە چ وڵاتێکەوە هاوردەی عێراق دەکرێت؟
خالید مەحنا: بەڵێ، هەندێ گرووپی لۆکاڵ هەن کە بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن. ئەو گرووپە لۆکاڵیانە لە رێگەی هەندێ گرووپی نێودەوڵەتییەوە ئەو مادانە دەهێنن. سەرچاوە سەرەکییەکانیش کە مادەی هۆشبەریان لێوە دێت پەیوەستە بە جۆری ئەو مادە هۆشبەرە یان ئەو حەبانەی کاریگەری لەسەر مێشک دادەنێن. مادەی کریستاڵ و حەشیش لە ئەفغانستانەوە بەناو ئێراندا دێن. ئەو حەبانەشی کار دەکەنە سەر مێشک، وەکو حەبی کیپتاگۆن، لە قوبرس و هەندێ وڵاتی دیکەوە بەنێو خاکی سووریادا دەهێنرین؛ بۆیە سێ پارێزگای عێراق کە زۆرترین کاری هێنان و بازرگانیی مادەی هۆشبەریان تێدا دەکرێ، بریتین لە پارێزگاکانی میسان و بەسرە و لە رۆژئاواشەوە پارێزگای ئەنبار، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ئەم دەردە ترسناکە لە زۆربەی پارێزگاکاندا هەیە. بۆیە ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆ دەدرێ زۆر زۆر گەورەیە. هەر لە بابەتی بازرگانیی نێودەوڵەتییدا، وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک رێککەوتنی دوو لایەنەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ واژۆکردووە و دیدار و سەردانی بەردەوام هەبووە؛ پێش ماوەیەکیش کۆنگرەیەکی هەرێمی زۆر گرنگ لە بەغدا بەڕێوەچوو؛ ئەو کۆنگرەیە بە هەندێ ئەنجامی زۆر گرنگ گەیشت، بەوپێیەی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە هەمان کێشەی عێراقیان هەیە و بەهەمان شێوە مادەی هۆشبەر تێیاندا تەشەنەی کردووە؛ هەروەها بەوپێیەی کە تاوانەکانی مادەی هۆشبەر لەجۆری تاوانی سنووربڕن، هەربۆیە رێککەوتن لەسەر گۆڕینەوەی زانیاری و شتی لەو بابەتە کرا.
رووداو: کەی هێزەکانی ئێوە ئەرکی پاراستنی سەرجەم شارەکان دەگرنە ئەستۆ؟
خالید مەحنا: لەڕاستیدا، لە بەرنامەی کابینەی حکومەتدا، بەشێک هەیە سەبارەت بە گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی بۆ وەزارەتی ناوخۆ. وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێز وەزیری ناوخۆ پێیان وابوو کە باشتر وایە ئەم شتە هەر تەنیا گواستنەوەی دەسەڵات لە ئۆپەراسیۆنەکانەوە بۆ پۆلیس نەبێ. ئەوان پێیان وایە کە دەبێ دووبارە بنیاتنانەوە یان دووبارە دامەزراندنەوەی هەیکەلی ئەمنی هەبێت بە شێوەیەک بتوانێ بەرەنگاری هەموو جۆرە ئاڵنگارییەک ببێتەوە؛ بۆیە سەرلەنوێ دەست بە راهێنان کرایەوە؛ هەندێ دەزگا یەکخران؛ هەندێ دەزگای نوێ دامەزران؛ چاو بە پڕچەککردن و پێداویستییەکاندا خشێنرایەوە، پشتیوانیی لۆجستیکی دابین کرا، ژێرخان سەرلەنوێ بنیاتنرایەوە. لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانییەکی بێسنوور هەیە، ویستێکی راستگۆیانە و راستەقینە هەیە، شانەی هەواڵگری لە هەموو پارێزگاکاندا دروستکراوە. ئەم شانانە هەموو تواناکانی دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی دەرەوەی وەزارەتی ناوخۆ کۆدەکەنەوە؛ بۆیە ئەمە کارێکی گەورە و بەرفراوانە و چەندین لیژنە بە درێژایی رۆژ کاردەکەن. ئەو لیژنانە رۆژانە هەڵسەنگاندن بۆ کار و ئاستی ئامادەیی دەزگاکان دەکەن. ئێستا ئەو پارێزگایانەی کە کارەکانیان تەواو بووە و بەتەواوی ئامادەن بریتین لە شەش پارێزگا و پارێزگاکانی دیکەش لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی.
رووداو: هیچ پلانێک هەیە کە هێزەکانی ئێوە ئەرکی پاراستنی کەرکووک بگرنە ئەستۆ، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە کێشەی زەویوزاریان هەیە؟
خالید مەحنا: بەڵێ، ئێمە کە باسی سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی هێزە ئەمنییەکانمان کرد بەو جۆرە کە بتوانێ بەرەو رووی هەڕەشەکان ببینەوە، مەبەستمان هەموو پارێزگاکانە بە کەرکووکیشەوە. لە کەرکووک کاری زۆر کراوە بۆ پشتیوانیی هێزی ئەمنی لە رووی ژمارە و بواری لۆجیستی و پرۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە. زیاتر لە 12 بنکەی پۆلیسمان هەن کە هەڵیاندەوەشێنینەوە و سەرلەنوێ بەگوێرەی بنەمای نوێ دروستیان دەکەینەوە؛ بارەگاکانیان و زۆر شتی لەو بابەتە، مەشق و راهێنان و سەرلەنوێ ئامادەکردنەوەی هێزەکانی پۆلیس، هەروەها پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە وەزارەتی ناوخۆ؛ هەموو ئەو رێوشوێنانە دواجار وا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس دەکەن بتوانن بەرەو رووی هەموو جۆرە هەڕەشەیەک ببنەوە.
رووداو: ئایا لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیتان هەیە؟
خالید مەحنا: ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ زۆر زۆر رازین لە ئاستی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، تا ئەو ئاستەی کە هەر تۆمەتبارێک بگاتە سنووری هەرێم، بە ئاسانی دەستگیر دەکرێ و رادەستی ئێمە دەکرێتەوە.هاوئاهەنگییە هەمەجۆرەکان و دیدارە هەمەجۆرەکان لە هەموو دۆسیەکاندا؛ لە دۆسیەی سنوور هاوئاهەنگیمان لەگەڵ پێشمەرگە و سەرکردایەتی هێزەکانی پاسەوانی سنوور هەیە. ئاسایش هەروەها هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی تایبەت بە ئاسایش و لێکۆڵینەوە هەیە؛ بۆیە هیچ کێشەیەکمان نییە. ئاستی هاوئاهەنگییەکە زۆر بەرزە و ئێمە زۆر لێی رازین.