وەزارەتی ژینگەی عێراق: 90٪ی ئاوی رووباری دیجلە پیسبووە
رووداو دیجیتاڵ
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە و لە هەندێک ناوچەش بە تەواوی گۆڕانکارییەکە هەستی پێکراوە، زۆنگاوی جبایش لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق یەکێکە لە ناوچە ناسراوەکانی عێراق و لە لیستی کەلەپووریی جیهانییدا تۆمار کراوە؛ ئێستا وشکەساڵی و کەمئاوی دەستی گەیاندوەتە بینەقاقای و ژمارەیەکی زۆر لە ماسی و زیندەوەرەکانی دیکەی نێو زۆنگاوەکە لەنێوچوون.
رائید ئەسەدی، چالاکوانی ژینگەیە و دەڵێت، "مردنی ماسی لە زۆنگاوەکان هۆکەرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وشکەساڵی و زیادبوونی رێژەی خوێ و پیسبوون. کەمبوونەوەی ئۆکسجین وایکردووە ژمارەیەکی زۆری ماسی بمرن؛ هەروەها زیانیشی بە هەموو زیندەوەرەکانی دیکەی نێو زۆنگاوەکان گەیاندووە".
دۆخی پارێزگای میسان لە زیقار باشتر نییە، ماسییەکان لەنێوچوون و سەرئاو کەوتوون. لە رووباری عز رێژەی سوێریی ئاو بۆ 20 هێندەی دۆخی ئاسایی بەرزبووەتەوە.
بە گوێرەی کشتوکاڵی پارێزگاکە، هەر بەهۆی کەمئاوییەوە، 17 هەزار جووتیار دەستبەرداری کشتوکاڵ بوون.
بەسام محەممەد، بەڕێوەبەری ژینگەی میسان دەڵێت، "هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی ئاو، کەم بەردانەوەی ئاو ، ئەمەش گرفتی بۆ ماسی و زیندەوەرەکانی دیکە دروستکردووە، رێژەی ئۆکسجینیش بۆ 0.5% کەمبووەتەوە".
بەگوێرەى ئامارى کۆمەڵەى نیشتمانى بۆ بەرهەمهێنەرانى ماسی لە عێراق، نزیکەى 2 ملیۆن کەس بژێویى ژیانیان لەسەر بەخێوکردنى ماسییە. پێشتر ساڵانە تەنیا لە حەوزە دەستکردەکاندا زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن ماسی بەرهەم دەهێندرا، بەڵام ئێستا بۆ 400 هەزار تۆن دابەزیوە.
شیال کەباش، ماسیگرە و باس لەوە دەکات، "ئێرانی دراوسێ ئاوی لەسەرمان بڕیوە؛ تورکیاش بەشە ئاوی بڕیوە. ئەی عێراق ئاو لە کوێ بێنێت؟ حکومەت پێویستە داواکاری خەڵک جێبەجێبکات، کاتێک تۆم هەڵبژاردووە، تۆ بەرپرسی لە وڵات و پێویستە مافی خەڵک جێبەجێ بکەیت".
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق، پیسبوونی ئاوی رووباری دیجلە 90٪ـی تێپەڕاندووە، سەرباری ئەم رێژە زۆر مەترسیدارەش، کەچی تاوەکو ئێستا چارەسەری راستەقینەی بۆ نەکراوە.