رێککەوتنى بەغدا و هەولێر لە ئەجێنداى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران نییە؛ "ئەگەر هەیە زیاد بکرێت"

 
رووداو دیجیتاڵ 

پرسی رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا لەبارى نەوت و مووچە لە ئەجێنداى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیران نییە، بەڵام بە گوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا ئەگەر بەر لە کۆبوونەوەکە بگەنە رێککەوتن، ئەگەر هەیە بکرێتە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکە.
 
میدیای فەرمیی عێراق رۆژی سێشەممە رایگەیاند: "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا نزیکە و دانوستاندنەکان پێشڤەچوونى بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت بخرێتە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران."
 
ئەجێنداى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ 8ى تەممووز دەست رووداو کەوتووە، بەڵام تاوتوێکردنى پرسی رێککەوتنى هەولێر و بەغدا لە بارەى نەوت و مووچەى تێدا نییە. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستی کەوتووە، جێکردنەوەی هەر پرسێکی 'لە ناکاو' بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لەسەر پێشنیازی وەزیرێک یان نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەبێت. 
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەگەر بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بگەنە رێککەوتن،  ئەگەر هەیە ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ بکرێت، ئەگەر پێویست بەوە بکات".
 
7ى تەممووز، شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە پێکهاتبوون لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون سەردانى بەغدایان کرد و لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى فیدراڵى کرد.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ی تەممووزی 2025، رۆژنامەی سەباح کە میدیایەکی فەرمیی عێراقە، بڵاویکردەوە، دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پێشڤەچوونى بەخۆیەوە بینیوە و بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بە "قەیران" ناوی بردووە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە، کە لە 48 کاژێری رابردوودا جوڵەی سیاسیی چڕ هەبووە بۆ گەیشتن بە چارەسەریی ئەو پرسە لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور.
 
رۆژنامەی سەباح بڵاوی کردووەتەوە، کە پێشبینی دەکرێت دۆسیەی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بخرێتە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە.