پێشکێشکردن بۆ دامەزراندنی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کاتی پێشکێشکردنی بۆ دامەزراندنی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان درێژکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەممووزی 2025 عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاتی پێشکێشکردن بۆ دامەزراندنی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان تاوەکو 20ی تەممووز درێژکرایەوە.
بڕیارەکە لە کاتێکدایە، بڕیاربوو کاتی پێشکێشکردن سبەی چوارشەممە 9ی تەممووز کۆتایی بێت.
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمسیۆن گوتی، پێویستە داواکاران فۆڕمەکان بۆ نزیکترین بنکەی تۆمارکردن بگەڕێننەوە، پێش تەواوبوونی وادەی دیاریکراو.
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆن، تاوەکو کۆتایی رۆژی دووشەممە 7ی تەممووز، 688 هەزار و 651 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.