کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان 6 هاوپەیمانێتی هەڵوەشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 6 هاوپەیمانێتی تۆمارکراو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەرکرا. سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆن دەڵێت، ژمارەی هاوپەیمانییە بەشدارەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، 31 هاوپەیمانین.
رۆژی پێنجشەممە 7ی ئابی 2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی 6 هاوپەیمانێتی دا، کە خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردبوو.
بەگوێرەی ئەنجوومەنەکە، ئەو هاوپەیمانییانە لە 12 حیزب پێکهاتبوون، واتا هەر هاوپەیمانییەک لە دوو حیزب پێکهاتبوو، هەڵوەشاندنەوەی هەر هاوپەیمانییەکیش بەهۆی کشانەوەی یەکێک لە حیزبەکانی نێویان بووە.
ئەو هاوپەیمانییانەى هەڵوەشێنرانەوە ئەمانەن:
- هاوپەیمانی فەیلیی عێراقی، دوای کشانەوەی حیزبی کۆنگرەی نیشتمانیی گشتیی کوردانی فەیلی
- هاوپەیمانیی ریماح، دوای کشانەوەی حیزبی تەجەموعی فاو زاخۆ
- هاوپەیمانیی شایستەکانی دیالە، دوای کشانەوەی رەوتی حیکمەی نیشتمانی
- هاوپەیمانیی شانازیی بەسرە، دوای کشانەوەی کۆمەڵەی بنیات و چاکسازی
- هاوپەیمانیی زەمیری عێراقی، دوای کشانەوەی رەوتی ئیبراری نیشتمانی
- هاوپەیمانی شارەکەم، دوای کشانەوەی حیزبی کاری ئیسلامیی عێراقی
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی ئەو هاوپەیمانییانەی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن 31 هاوپەیمانین و، 41 حیزبیش بەشدار دەبن."
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 26ـی تەممووزدا، دوورخستنەوەی 47 بەربژێری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق راگەیاند.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320 کورسی گشتی و 9 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەیە و زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیان خاوەنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانن.