سوودانی دەستپێکردنی 36 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق قۆناخێکی نوێی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتەکەی راگەیاند، کە وەک خۆی دەڵێت، 36 پڕۆژە لەخۆدەگرێت و دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکیدا لە کۆنفرانسی دووەمی لیژنەی باڵای هەمیشەیی زیارەتە ملیۆنییەکان لە کەربەلا رایگەیاند، "لە ئابی 2024دا 102 پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانمان راگەیاند و دەستمان بە جێبەجێکردنی 41 پڕۆژە کرد، کە هەندێکیان تەواوبوون و ئەوانی دیکە لە جێبەجێکردندان."
 
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوێنێ لە کەربەلا "5 پڕۆژەی گەورەی سامانی ئاژەڵ"ـیان بۆ کەرتی تایبەت راگەیاندووە کە "تێچووەکەیان زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە و بە تەکنەلۆژیای نوێ جێبەجێ دەکرێن."
 
رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن ئەم ساڵ دەکەوێتە 14ی مانگی ئاب.
 
سوودانی رایگەیاند، "رژێمی دیکتاتۆری بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دەدا رێگری لە گەیشتنی زیارەتکاران بە کەربەلای پیرۆز بکات. ئێمە بڕیارمان دا لیژنەی باڵای هەمیشەیی زیارەتە ملیۆنییەکان پێکبهێنین، بە مەبەستی رێکخستن، ئامادەکاری و پابەندبوونی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی بۆ خزمەتکردنی زیارەتکاران."
 
گوتیشی، "کەربەلای پیرۆز ملیۆنان موسڵمان رووی تێدەکەن. ئێمە لەبەردەم زیادبوونێکی گەورە و بەرچاوی ژمارەی زیارەتکارانداین. جەختیشمان لەسەر دانانی پلانی زانستیی بەردەوام کردووەتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیادبوونی گەورەی ژمارەی زیارەتکاران."
 
لەبارەی پڕۆژەکانی حکومەت لە کەربەلا، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "ئەمڕۆ لەبەردەم تەواوکردنی پڕۆژەی گرنگداین، لەوانەش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەربەلا و فڕۆکەخانەکانی دیکە، بۆ پێشوازیکردن لە ژمارە زۆرەکەی زیارەتکاران."
 
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، لە هەردوو پارێزگای کەربەلا و نەجەف چەندین پڕۆژەی ستراتیژیمان کردوونەتەوە، هەروەها دەستمان بە چەندین پڕۆژەی دیکە کردووە کە بۆ یەکەمجارە لەو دوو پارێزگایە جێبەجێ دەکرێن."