دەستەى دەستپاکى: بەڕێوەبەرى بانکى کشتوکاڵى شارەبان قەرزى بە چوار مامەڵەى ساختە داوە

رووداو دیجیتاڵ

دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرى لقى شارەبانى بانکى کشتوکاڵى و دوو لە بریکارەکانى پێشووى بانگى دادگا کردووە، بەتۆمەتى ئەوەى قەرزى کشتوکاڵییان لە رێگەى چوار مامەڵەى ساختەوە خەرجکردووە.
 
رۆژی 7ى ئەیلوولی 2023،دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە دادگەى لێکۆڵینەوەى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە، فەرمانیداوە بە بانگکردنى بەڕێوەبەرى لقى شارەبانى بانکى کشتوکاڵى و دوو لە بریکارانى پێشووى، بەتۆمەتى زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵى ئەو فەرمانگەیەى کارى تێدا دەکەن.
 
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەداوە کە بەڕێوەبەرى لقى شارەبانى بانکى کشتوکاڵى، چوار قەرزى کشتوکاڵى بە مامەڵەى ساختە خەرج کردووە، بۆ کڕینى چەند کەلوپەل و پێداویستییەکى تایبەت بە ئاودان و چاندن لەساڵى 2012دا، کە بڕى پارەکەى 100 ملیۆن دینار بووە.
 
دەستەکە باس لەوە دەکات، پەنجەمۆرى ئەو کەسانە ساختەکراوە کە قەرزەکەیان کردووە بۆ خەرجکردنى مامەڵەکانى قەرزی کشتوکاڵى. 
 
قەزاى شارەبان، ناوچەیەکى کوردستانى سنوورى مادەى 140ى دەستوورى عێراقە لە پارێزگاى دیالە.   
    
ئەو سێ بەرپرسەى شارەبان بەگوێرەى مادەى 340ى یاسای سزادانى عێراقى بانگى دادگە کراون، کە سزاکەى دەگاتە حەوت ساڵ بەندکردن.