سوودانی: ئەرکمانە نیگەرانییەکانی ئێران لەبارەی حیزبە چەکدارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بڕەوێنینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، بە ئەرکی خۆیی دەزانێت نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران لەبارەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە هەرێمی کوردستانن، بڕەوێننەوە.
رۆژی هەینی 8ی ئەیلوولی 2023 ماڵپەڕی نوور نیوزی نزیک لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بڵاویکردەوە، "محەممەد شیاع سوودانی لە کۆشکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ میدیاکانی ئێران کۆبوویەوە و رایگەیاند، پێداگرین لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران."
بەگوێرەی ماڵپەڕی نوور نیوز، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "بەر لە واژۆکردنی رێککەوتنەکە، لیژنەیەکمان دروستکرد کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی حیزبە چەکدارەکانی ئێران، کە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران، ئەو لیژنەیە لەسەر کارەکانی رژدتر بوو."
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەو ماڵپەڕەی گوتووە، "بە زۆر هۆکار ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران لەبارەی حیزبە چەکدارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان نەهێڵین. هەر بەو هۆیەش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارمان لەو پێناوەدا خەرج کردووە و زیاتر لە 3000 پاسەوانمان لە سەرانسەری سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیر کردوون."
محەممەد شیاع سوودانی باسی لەوەش کردووە، "ئەو پرسە ئاڵۆزیی زۆری تێدایە. توانیومانە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە هەرێمی کوردستان چەک بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە هەموویان لە شوێنەکانیانەوە بۆ یەک شوێنی تایبەت بگوازینەوە. بەو حاڵەشەوە هەموو هەوڵی خۆمان داوە بۆئەوەی بەپێی ئەو کاتەی ئێران وەکو مۆڵەت دیاریی کردووە، هەموو پابەندییەکانمان جێبەجێ بکەین کە لە رێککەوتنەکەماندا بەڵێنمان داوە."
ئێران و عێراق لە 19-03-2023 رێککەوتنێکی ئەمنییان لە بەغدا واژۆ کرد بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی ئەمنی و پاراستنی ئاسایشی سنووری هاوبەشی نێوان دوو وڵات.
رێککەوتنەکە دوای ئەوە واژۆ کرا کە ئێران داوای لە حکومەتی عێراق کرد، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەک بکات و رێگە نەدات لە خاکی ئەو وڵاتەدا چالاکییان هەبێت.