کێشەیەکی نوێ بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت لە عێراق؛ مووچە بە دۆلار و وەرگرتنى بە دینار


رووداو دیجیتاڵ

مووچە بە دۆلار، بەڵام وەرگرتنى بە دینارە بە نرخى فەرمى، ئەمە کێشەیەکى نوێیە بۆ کارمەندانى کەرتى تایبەت لە عێراق. زیانى جیاوازیى نێوان هەردوو نرخەکە، زیاتر لە 20 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک.
 
عەلى ئەسعەد، کارمەندی کەرتى تایبەت دەڵێت، "فەرمانبەر و کارمەند لە عێراق زیانێکى گەورەى لێدەکەوێت، بەهۆى جیاوازى لە نرخى بازاڕى فەرمى و بازاڕى رەشى دراو، دەبێت ئەو بڕیارەى دەردەچن دادپەوەرانە بن بۆ کارمەندان نەک لەدژى بن".
 
ئەو کێشەیە بەهۆى بڕیارێکى بانکى ناوەندییەوە بوو کە لە 1/9/2023ـەوە کارى پێدەکات. دەبێت کارمەندانى کەرتى تایبەت لە ئامێرەکانى راکێشانى دراو مووچەکانیان بە دینار و بە نرخى فەرمى رابکێشن کە 1320 دینارە بۆ هەر دۆلارێک، تەنانەت ئەگەر مووچەکەشیان بە دۆلار بێت.
 
ئەنوەر موسەوى، فەرمانبەر گوتی، "ئێمە وەک هاووڵاتیى عێراق بەڵێ لەگەڵ بەهێزکردنى دینارین بەسەر دۆلاردا، بەڵام کە خاوەنى کۆمپانیایەک ناچار دەبێت دۆلارەکەى بە دینار مامەڵە پێبکات و جیاوازییەکە 20 هەزار دینار بێت بۆ هەر 100 دۆرێک، ئەگەر هەیە کۆمپانیاکە عێراق جێبهێڵێت." 
 
بانکى ناوەندى نرخى فەرمیى دۆلارى بە 1310 دینار دیاریکردووە بۆ مامەڵە فەرمییەکان، بەڵام لە بازاڕدا نرخەکەى زیاتر لە 1500 دینارە.
 
حیکمەت دەقاق، جێگرى سەرۆکى ژوورى بازرگانیى بەغدا باسی لەوە کرد، "هەر دەوڵەتێک لە جیهان، ئابوورییەکەى ئەوە پێویست دەکات کە دۆلارى پێبگات لەبەر ئەوەى دراوێکى بەهێزە، ئەو هاووڵاتییەى لەبرى دۆلار دینارى پێدەگات بەهۆى ئەوەى بەهاکەى کەمە، ناتوانێت بژێویى ژیانى فەراهەم بکات".
 
رۆژی حەوتی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق راسپاردەى بانکى ناوەندى پەسندکرد بۆئەوەى نرخى فەرمیى دۆلار بکرێتە 1300 لەبرى نرخى پێشوو کە 1470 دینار بوو بۆ یەک دۆلار، بەڵام لەو کاتەوە بەهاى دۆلار لە بازاڕى رەشدا لە نرخى فەرمى نزیک نەبووەتەوە.