چوار رێکخراوی نێودەوڵەتی داوا لە عێراق دەکەن لێکۆڵینڤانە رووسی و ئیسرائیلیەکە ئازاد بکات
رووداو دیجیتاڵ
چوار رێکخراوی نێودەوڵەتی، لە نێویاندا هیومان رایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، داوا لە عێراق دەکەن "هەنگاو بنێت بۆ ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی" خانمە لێکۆڵینڤانێکی دانیشتووی ئەمریکا کە لە 21ی ئاداری ئەمساڵەوە رفێنراوە؛ هەروەها داوا لە ئەمریکا و رووسیا دەکەن، "هەژموونی خۆیان لەسەر عێراق بەکاربێنن" بۆ ئازادکردنی لێکۆڵینڤانەکە.
ئەو دوو رێکخراوە لەگەڵ رێکخراوەکانی "دیموکراسی بۆ جیهانی عەرەبی" و "تۆڕی لێکۆڵینڤانانی مەترسیلەسەر" لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، "پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوبنێت بۆ دڵنیاییدان لە ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئیلیزابێز سورکۆڤ، لێکۆڵینڤانی دانیشتووی ئەمریکا کە 21ی ئاداری 2023 لە عێراق رفێنرا."
سورکۆڤ خاوەن وەڵاتینامەی رووسی و ئیسرائیلیە و خوێندکاری دکتۆرایە لە بەشی رامیاریی زانکۆی پرینستن لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریکا.
خانمە لێکۆڵینڤانەکە لە کاتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەسەر پارت و لایەنە شيعەکانی عێراق لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا رفێندرا.
خێزانەکەی دەڵێن، هەشت رۆژ پێش ئەوەی بڕفێندرێت، نەشتەرگەری بڕبڕەی پشتی کردبوو.
ئادەم کوگڵ، جێگری بەڕێوەبەری هیومن رایتس وۆچ یان رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "رفاندنی ئیلیزابێز سورکۆڤ دەچێتە خانەی ئەو رفاندنە ئامانجدارانەی لە عێراق کە لایەنەکانی سەر بە حکومەت و دەرەوەی حکومەتیش دەیکەن، کە هەموویان بێ سزا بەسەریانەوە دەچێت."
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، "حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی هەر شتێک کە لە دەستی بێت بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و ئازادکردنی لێکۆڵینڤانەکە و لێپێچینەوە لە رفێنەرەکانی."
تەممووزی ئەمساڵ، حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەیەکی لە رفاندنەکەی دەستپێکرد، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێکی رانەگەیاندووە.
چوار رێکخراوەکە دەڵێن، "پێویستە دامودەزگاکان گومانلێکراوی تاوانەکە بە دادگەییکردنی راست و دروست بە دادپەروەرییان بگەیێنن."
سورکۆڤ رۆژی 28ی کانوونی دووەم بە پاسپۆرتی رووسی سەردانی عێراقی کرد. خانمە لێکۆڵینڤانەکە بە چڕی لە سەر عێراق، سووریا، ئیسرائیل و فەلەستین لێکۆڵینەوەی کردووە. هەروەها سەرووی 10 ساڵ خزمەتی لە بواری کاری خۆبەخشی و رێکخراوە مافپەروەرەکاندا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و داکۆکی لە مافەکانی فەلەستینییەکان، پەنابەر، ئاوارە، ئەشکەنجەدراوان، بازرگانی پێکراوان، پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووە.
بە گوێرەی راپۆرتی هیومەن رایتس وۆچ، سەرنجی لێکۆڵینەوەکەی لەسەر رەوتی سەدر و بزووتنەوەی تشرینییەکان بووە.
سورکۆڤ هەروەها ئەندامی پەیمانگەی نیولاینز بۆ ستراتیجی و سیاسەت بووە لە واشنتن دی سی؛ هەروەها ئەندامی رێکخراوێکی بواری لێکۆڵینەوە لە کاروباری ئیسرائیل و فەلەستین لە قودس/ئۆرشەلیم بە ناوی کۆڕبەندی بیرکردنەوەی هەرێمی بووە.
ئێما سۆرکۆڤ، خوشکی ئیلیزابێز دەڵێت، "خوشکەکەم کەسێکی میهرەبان و لێکۆڵینڤانێکی زیرەکە، هەروەها چالاکڤانێکی سەرسەختی مافەکانی مرۆڤە. کارەکەی هەمیشە هەڵقوڵاوی بڕوابوون بە مرۆڤایەتیی هاوبەشی هەموو کەسێک بووە."
ئێما سورکۆڤ بە چوار رێکخراوەکەی گوتووە، خوشکەکەی دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکەلۆریۆس لە ساڵی 2011 دەستی بە فێربوونی زمانی عەرەبی کردووە.
لەبارەی هۆکاری گەشتکردنی ئیلیزابێز بۆ عێراق، ئێما دەڵێت: "ئیلیزابێز بڕوایەکی پتەوی هەیە بەوەی کە بەهای راستەقینەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە دروستکردنی تێگەیشتندایە لە نێو ئەو خەڵکەی کە رەنگە مێژوویەکی پڕ لە ململانێیان هەبێت. هەر ئەوەش بوو کە رێگەی ئەوی خستە عێراق و وایکرد لەسەر فێربوونی عەرەبی سوور بێت."
ئێما دەڵێت، خێزانەکەیان نیگەرانی تەندروستی و سەلامەتیی ئیلیزابێزن.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، 5ی تەممووز لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە ئیلیزابێز سورکۆڤ لە لایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە رفێنراوە، بەڵام گرووپەکە تۆمەتەکەیان رەتکردووەتەوە.
ئەو گرووپە شيعەیە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی حەشدی شەعبی و لیواکانی 45، 46 و 47ی هێزەکەی هەیە. کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ماوەی رابردوودا چەندین جار لە فەرمانی حکومەتی عێراق دەرچووە، وێڕای ئەوەی بە هێزێکی سەر بە حکومەت دادەنرێت.
ساڵی 2009، ئەمریکا ئەو هێزەی بە رێکخراوێکی "تیرۆریستی جیهانی تایبەت پۆڵێنکراو" دانا لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و تێکدانی سەقامگیریی عێراق.