سوودانی بەرەو برۆکسل بەڕێکەوت
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو برۆکسل بەڕێکەوت بۆئەوەی لە ئەنجوومەنی ناتۆ گوتارێک پێشکێش بکات.
بە گوتەى سەرچاوەیەکى بەرپرس لەبەغدا، ئەگەر "پێشهاتێکى نوێ روونەدات کە ببێتەهۆی دواکەوتنى گەشتەکەى،"سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کۆبوونەوەى سێشەممەى ئەنجوومەنى وەزیران دەگەڕێتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی بەرەو برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێکەوت.
بەگوێرەی ئەو نووسینگەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەنجوومەنی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گوتارێک پێشکێش دەکات.
ئەو گەشتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژێک بەر لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە کە هەموو سێشەممەیەک دەکرێ.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستی کەوتوون، بڕیارە پێش کۆبوونەوەی 9ـی ئەیلوول، محەممەد شیاع سوودانی بگەڕێتەوە بەغدا.
سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی: "ئەو گەشتەی سەرۆکوەزیران 11 کاژێری پێدەچێ و ئەگەر هیچ پێشهاتێک روونەدات، دەگەڕێتەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی ئاسایی خۆی دەکرێ."