نووری مالیکی لەبارەی "هەوڵی کودەتا" هۆشداری دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ھۆشداریی دا لە هەوڵی کودەتای سیاسی لە عێراق و رایگەیاند، "شەمشەمەکوێرەی تاریکی ھەوڵی کودەتا دەدەن بەسەر پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا."
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رۆژی دووشەممە 8ی ئەیلوول لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی عەشایەری لە پارێزگای بابل بۆ پشتگیری لە هاوپەیمانێتییەکەی لە ھەڵبژاردنەکاندا، رایگەیاند، پاراستنی پڕۆسەی سیاسی و بەردەوامیدان بە ھەوڵی سیاسی بۆ بنیاتنانی دەوڵەت، بنەماکانی رێبازی دەوڵەتی یاسا پێکدەھێنن. جەختیشی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون لە پڕۆسەی سیاسی، دەستوور و گەل بۆ بەردەوامیدان بەو پڕۆسەیە کردەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی، "هاوپەیمانێتییەکەی رێگە نادات دیکتاتۆرییەت، فاشیزم، تائیفەگەری، گۆڕە بەکۆمەڵەکان و شەڕە بێهودەکان بگەڕێنەوە." گوتیشی، "ئامانج ئەوەیە عێراق بەھێز و پتەو بێت و کاریگەریی قەیرانەکانی لەسەر نەبێت، بیپارێزین لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مالیکی ئاماژەی بەوە داوە، "عێراق بە فتوای مەرجەعییەتی ئایینی بەسەر داعشی تیرۆریستدا سەرکەوت." داوای کرد، دەستوور وەک بنەمایەک بۆ مامەڵەکردن لەنێوان عێراقییەکان و بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە پەسند بکرێت. دەشڵێت، "سەردەمی تانک و پیلانگێڕییەکان کۆتایی ھاتووە، گۆڕانکاری لە رێگەی سندووقی پیرۆزی ھەڵبژاردنەکانەوە دەبێت."
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەوەی خستەڕوو، "ھەڵبژاردن مافێکی نیشتمانییە و ناتوانرێت دوابخرێت، ھەر دواخستنێک واتای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسییە." ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ، دەبێت خزمەتگوزارییەکان پێشکێش بکات و کۆتایی بە ھەژاری و پێویستیی ھاووڵاتییان بهێنێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا، مالیکی گوتی، "نیگەرانی دەنگۆ و پڕوپاگەندەکان مەبن، بە ھیمەتی گەلەکەمان بەرەو پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت و پڕۆسەی سیاسی دەڕۆین، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاڵنگاری و گوشارە دەرەکییەکان."