هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە؛ بافڵ تاڵەبانی و فوئاد حوسێن بەشدارن

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمشەو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە شاری بەغدا کۆدەبێتەوە و پرسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکات. بافڵ تاڵەبانی و فوئاد حوسێنیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبن. 
 
رۆژی شەممە 8-10-2022، سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمشەو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە شاری بەغدا کۆدەبێتەوە، پرسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکات. 
 
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت پێکهاتووە لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى، یەکێتى، پارتى، هاوپەیمانیى سەروەرى، عەزم و بابلیون بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق. 
 
گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و د. فوئاد حوسێن، وەک نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری دەکەن. 
 
لە 10ى تشرینى یەکەمى 2021ەوە، هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کراوە، بەبێ ئەوەى حکومەتى نوێى عێراق پێکبهێندرێت، بەهۆى ناکۆکیى نێوان چوارچێوەى هاوئاهەنگى و رەوتى سەدر لەسەر شێوازى پێکهێنانی حکومەت. 
 
هەنگاوى یەکەمى پێکهێنانى حکومەت هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارە بۆ ئەوەى بەربژێرى سەرۆکوەزیران رابسپێردرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت.
 
محەممەد شیاع سوودانى، بەربژێرى هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگییە بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران، کە لە دواى کشانەوەى 73 پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى سەدر لە 12ى حوزەیران، بووەتە گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانى عێراق.