وەزارەتی کارەبای عێراق: ساڵانە خواست لەسەر کارەبا 2000 مێگاوات زیاد دەکات

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ئێستا رۆژانە نزیکەی 25 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن، بەڵام بە گشتی پێویستیان بە نزیکەی 35 هەزار مێگاوات کارەبایە. دەشڵێت: "ساڵانە دوو هەزار مێگاوات خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات."
 
د.ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی یەکشەممە، 08-10-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا عێراق رۆژانە 35 ملیۆن مەتر سێجا  گاز لە  ئێرانەوە هاوردە دەکات، پرۆسەکە بەردەوامە و هیچ کێشەیەکی نییە کە بەشێکی بۆ  بەغدا و ناوەڕاست و بەشەکەی دیکە بۆ باشووری عێراقە، لە بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت.
 
لەبارەی توانای ئێستای بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی، ئێستا رۆژانە 23 - 24 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت کە بە نزیکەیی بەشی هەموو عێراق دەکات، چونکە ئێستا کەشوهەواکە گونجاوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەحمەد عەبادی دەڵێت، لە وەرزی هاوین و زستان پێویستی کارەبا زیاددەکات، عێراق پێویستی بە 37 هەزار مێگاوات کارەبایە، ساڵانەش دوو هەزار مێگاوات خواست و پێویستی بەکارهێنانی کارەبا زیاد دەکات.