15 بەربژێر بە 30 ملیۆن دینار سزادران

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، 15 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بە 30 میلۆن دینار سزا دا، واتە هەر یەکێکیان بە دوو ملیار دینار، ئەویش بەهۆی سەرپێچی رێکارەکانی بانگەشەى هەڵبژاردن.
 
ئەو سزایانە لە دوو بڕیاری جیاوازدا بوون کە ئەنجوومەنی کۆمسیاران رۆژی چوارشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2025 دەریکردن.
 
سزاکان لەسەر بنەمای مادەی 18 و بڕگەی دوو لە مادەی دووی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنە کە تایبەتن بە دەستپێکردنی بانگەشەی پێشوەخت و هەڵواسینی پۆستەر و دابەشکردنی کارتی بانگەشە بەر لەوەی ناوی بەربژێران پەسند بکرێت.
 
حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پێبژاردنە لەو بڕە پارەیە دەبڕدرێت کە بەر لە دەستپێکردنی بانگەشە وەک بارمتە لە بەربژێران وەرگیراوە و دەگەڕێنرێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی."
 
لیستی پارتە سیاسییەکان 10 ملیۆن، هاوپەیمانێتییەکان 25 ملیۆن و بەربژێرەکان 5 ملیۆن دیناریان وەک سپاردە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لێوەرگیراوە.
 
حەسەن زایر گوتی: "ئەگەر پارەی سزای پێبژاردنەکان زیاتر بوو لەو بڕە پارەیەی کە دانراوە، دەبێت بیدەن و ئەگەرنا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆیان بەربژێر بکەنەوە، دەبێت ئەو پارە زیادەیە بدەن."
 
3ی تشرینی یەکەمی 2025 بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و تاوەکو 8ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.