پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان ئاشکرا کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، پلانی ئەمنیی خۆی بۆ پاراستنی ناوەندەکانی هەڵبژاردن کە لە مانگی ئایاری رابردووەوە دەستپێکردبوو، ئاشکرا کرد و جەختی لە پلانێکی تەواو بۆ دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان کردەوە.
 
قەیس مەحمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025، رایگەیاند، "لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان لە کاتی پێکهێنانییەوە لە مانگی ئایاردا، دەستی بە جێبەجێکردنی ئەرکە جۆراوجۆرەکان کردووە بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئاسایش و سەقامگیری."
 
ئاماژەی بەوەش دا، "لیژنەی باڵای ئەمنی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەی کردووە کە لەسەر چەند میحوەرێک دابەش بوون، لەوانە بەدواداچوون بۆ پاشماوەی چەتەکانی داعش، ئاراستەکردنی لێدانە ئاسمانییە وردەکان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە هەندێک شوێنی دیاریکراودا، هاوکات لەگەڵ هەوڵی هەواڵگری و چاودێریی ئاسمانیی ورد، کە کاریگەریی هەبوو لە بەدەستهێنانی ئەنجامی چۆنایەتی و سەرکەوتنی گەورەدا."
 
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوساڵی 2025 گوتیشی، "میحوەرەکەی دیکە بریتی بوو لە چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی هەڵبژاردن، بەو پێیەی دەزگا هەواڵگرییەکان توانیان هەوڵەکانی دڕاندنی پۆستەری بانگەشە و فرۆشتنی کارتی دەنگدان پووچەڵ بکەنەوە، جگە لە رووبەڕووبوونەوەی گوتاری کینە و تائیفی و هەموو ئەوەی زیان بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەگەیێنێت."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەرکێکی دیکە، لیژنەی سایبەرییە کە گرنگی بە بەدواداچوونی لایەنە هونەرییەکان و پاراستنی سیستەمە ئەلکترۆنییەکانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەدات، جگە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ماڵپەڕانەی کە هەوڵی ناوزڕاندنی عێراق یان بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی هەڵە یان ئامانجکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەدەن."
 
گوتیشی، "پلانەکە گواستنەوەی کەرەستەکانی هەڵبژاردن و فلاش میمۆری بۆ ئەو ناوەندانەی لە پارێزگاکاندا تەرخانکراون و پاشان بۆ ناوەندی نیشتمانی لە بەغدا، بە سەرپەرشتیی کارمەندانی باوەڕپێکراو و پاراستنێکی ئەمنیی تووند دەبێت. فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی فلاش میمۆری لە پارێزگا دوورەکان و هێلیکۆپتەرەکانی سوپا بۆ گواستنەوەی لە قەزا و ناحیەکانەوە بۆ ناوەندەی شارەکان بەکاردەهێنرێن."
 
سەبارەت بە پلانی دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، محەمەداوی روونیکردەوە "هەموو ناوەندەکانی هەڵبژاردن بەبێ جیاوازی دەکەونە ژێر رێوشوێنی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی و هاوتاکردنی ئەنجامەکان لەگەڵ ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی کۆمیسیۆن، لەم قۆناخەدا هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ناوەندەکان و نووسینگەکانی کۆمیسیۆن و کۆگەکان و ناوەندەکانی تۆمارکردن تووندتر دەکەن."