ئەپڵیکەیشنی کۆمیسیۆن چالاککرا؛ شوێنی دەنگدان و کارتی دەنگدەران پێشاندەدات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەپلیکەیشنێکی چالاککردووە، دەنگدەران بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەت دەتوانن بزانن لە کوێ دەنگ دەدەن و کارتەکەیان چالاککراوە یان نا؛ هەروەها دەتوانن سەیری ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش بکەن.
رۆژی شەممە، 08-11-2025، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا ئەپلیکەیشنێکمان چالاککردووە دەنگدەران دەتوانن لەو رێگەیەوە بزانن لە کوێ دەنگ دەدەن، کارتەکەیان چالاکە یان نا؛ ئەنجامەکانی دەنگدانیش لەو ئەپلیکەیشنە دیار دەبێت."
ئەم ئەپلیکەیشنە بۆ هەردوو سیستمی ئەندرۆید و IOS ئامادە کراوە و نەبەرد عومەر دەڵێت: "لە رێگەی QR کۆد و لە رێگەی کارتی دەنگدانیانەوە دەتوانن زانیارییەکان وەربگرن؛ بزانن ناویان لە چ بنکەیەکە و هەروەها ئەگەر ئەو کارتەی ئێستا لایانە چالاک نییە، لەکوێ دەتوانن دانەیەکی دیکە وەربگرن."
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەپلیکەیشنە زانیاریی هەموو وێستگەیەکی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی تێدا دەبێت و ئەو بارکۆدەی لەسەر شریتی ئەنجامی دەنگدانەکانە، تێیدا دەردەکەوێت؛ دەکرێت ئەنجامی دەنگدان لە رێگەی ئەو ئەپلیکەیشنەوە لە سەرجەم وێستگەکان کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بە تەواوی بزانرێن.
زیاتر لە 43 هەزار وێستگە بۆ هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.
دەنگدانی تایبەت لە 9-11-2024 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2024 بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر 329 کورسیی پەرلەمان دەکەن.