کۆمیسیۆن پرۆسەی دەنگدانی لەبەردەم سەرۆککۆماری عێراق و UN تاقیکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیان کرد و هەردووکیان هەڵبژاردن بە "وێستگەیەکی گرنگی دیموکراسی" بۆ عێراق دادەنێن.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، "د.لەتیف جەمال رەشید سەردانی بارەگای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد بۆ ئاگاداربوون لە دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ رۆژی دەنگدان.''
بەپێی راگەیێنراوەکە: "سەرۆککۆماری عێراق داوای بەشدارییەکی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا" دەکات و دەڵێت، "با خەڵک مافی دەستووریی خۆیان بەکاربهێنن، ئەم بەشدارییە هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری.''
رۆژی یەکشەممە دەنگدانی تایبەت و سێشەممەش 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بۆهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێ، نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێرێکی سەرەکی پرۆسەکە دەبێ، محەمةەد حەسان، نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە سەردانەکەی رۆژی شەممە 8-11-2025 بۆ کۆمیسیۆن رایگەیاند: "هەڵبژاردنەکانی عێراق بە یەکێک لە سەربەخۆترین پڕۆسە هەڵبژاردنەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت."
لە کۆمیسیۆن، لەبەردەم سەرۆککۆمار و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شێوازی دەنگدان تاقیکرایەوە و قۆناخەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەی تێدا روونکرایەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، سێیەم هەڵبژاردنە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەرپەرشتی دەکات، کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەسەرپەرشتی کۆمیسیۆن بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقیش کۆمیسیۆن سەرپەرشتی دەکات.