فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەندامەکەی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەردەچێت
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری دادگەیەکی دیالە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە فراکسیۆنی یەکێتی دەرچووە، کە بە گوتەی پۆلیس بەهۆی دەمەقاڵێوە بووە لەگەڵ پۆلیس.
فەرمانی دەستگیرکردنەکە لەلایەن دادگەی پێداچوونەوەی دیالەوە لە 3ی کانوونی یەکەمی 2025 دەرکراوە و تێیدا ئاماژە بەوەش دراوە کە پێشتر لە 26ی تشرینی یەکەم فەرمانێکی دیکە بۆ دەستگیرکردنی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن دەرکراوە.
دووشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2025، عەمید هەیسەم شەمەری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت:" تاوەکو ئێستا ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەگوێرەی بڕیاری دادگە خۆی رادەستی پۆلیس نەکردووە".
ئەو رێکارە لە دژی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەهۆی سکاڵای دوو پۆلیسەوە بووە کە لە 25ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ لە دژی تۆماریان کردووە.
عەمید هەیسەم شەمەری گوتی: "سکاڵاکە بەهۆی ئەوە بووە کە دەمەقاڵێی لەگەڵ ئەو دوو پۆلیسە کردووە".
ئەو گرژییەی نێوان پۆلیسەکانی دیالە لەگەڵ ئەوس مەهداوی و نزار سامان، بەربژێری پێشووی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە نزیک بازگەیەکی دەرەوەی قەزای خانەقین روویدا.