بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەیەکی بەسرە راگیرا

رووداو دیجیتاڵ

بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 2 لە پارێزگای بەسرە راگیرا؛ بەو هۆیەوە عێراق رۆژانە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت لەدەستدەدات.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 8-12-2025، دوو سەرچاوە، کە یەکێکیان لە وەزارەتی نەوتی عێراقە و ئەوەی دیکە لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە، بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: "بەهۆی دزەکردنی نەوت لە یەکێک لە بۆرییەکانی هەناردەکردندا، بەرهەمهێنان و کارکردن لە کێڵگەی نەوتیی رۆژئاوای قورنە 2 راگیراوە."
 
هەردوو سەرچاوەکە ئاماژەیان بەوەش کرد، بڕیارە دواتر وەزارەتی نەوتی عێراق لەوبارەیەوە راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە.
 
کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 2، رۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، کە بڕێکی بەرچاوی کۆی هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت و حکومەتیش بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی، بە رێژەیەکی زۆر پشتی پێدەبەستێت.
 
کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 2، دەکەوێتە پارێزگای بەسرە و بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و جیهان دادەنرێت. کێڵگەکە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا دۆزرایەوە، بەڵام قۆناخی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی فراوانی لە ساڵی 2014 دەستیپێکرد، کاتێک کۆمپانیای لوکئۆیلی رووسی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە، ئەرکی پەرەپێدانیان گرتە ئەستۆ.