وەزارەتی ناوخۆی عێراق: تێچووی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی زیاد نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، کە باس لە بەرزکردنەوەی رسووماتی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی دەکەن بۆ 50 هەزار دینار بەهۆی "کورتهێنانی داراییەوە" و دەڵێت، نرخەکان وەک خۆیانن.
دوای ئەوەی لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە، گوایە بەهۆی کورتهێنانی داراییەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێنمایی دەرکردووە رسووماتی کارتی نیشتمانی بۆ 50 هەزار دینار زیاد بکرێت، بەرپرسێکی وەزارەتەکە روونکردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 8-12-2025، عەمید میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەواڵانە ناڕاستن؛ وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لەم شێوەیەی نەداوە."
بەگوێرەی رێنماییە کارپێکراوەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، نرخی دەرکردنی کارتی نیشتمانی دەستکاری نەکراوە و بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
بۆ جاری یەکەم یان نوێکردنەوە: 5,000 دینار.
لەکاتی ونبوون یان تێکچوون بۆ جاری یەکەم: 25,000 دینار.
لەکاتی ونبوون یان تێکچوون بۆ جاری دووەم: 50,000 دینار.