عێراق زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلاری گەندەڵی دەگەڕێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، توانیویانە زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلار لە داهاتی گەندەڵی بگەڕێننەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 8-12- 2025، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی رابردوودا 17,438,620 دۆلار (زیاتر لە 24 ملیار دینار)یان گەڕاندووەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پرۆسەکە "لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە دادوەری و چاودێرییەکان و پەیوەندیکردن بە لایەنە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکانەوە بووە."
 
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و بەدواداچوونی داواکراوان، هاریکارییەکانیان لەگەڵ تۆڕە جیهانییەکانی جێبەجێکردنی یاسا و پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) فراوانتر کردووە.
 
چەندین سیستمی ئەلیکترۆنییان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت کارا کردووە، ئەوەش بە ئامانجی "شوێنکەوتنی جووڵەی پارە گوماناوییەکان لە دەرەوەی عێراق و ئاسانکردنی رێکارەکانی هاریکاریی نێودەوڵەتی" لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا".