قوباد تاڵەبانی لە بەغدا: نابێت بودجە بخرێته چوارچێوهی ناكۆكی و ململانێ سیاسییهكانهوه
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی مام جەلال رایگەیاند، نابێت بودجەی هەرێمی کوردستان بخرێته چوارچێوهی ناكۆكی و ململانێ سیاسییهكانهوە.
تاڵەبانی دوێنێ ئێوارە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەشێکی سەرکردە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە.
یەکەم وێستگەی سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی، سەردانی فایهق زێدان، سهرۆكی ئهنجوومهنی باڵای دادوهریی عێراق بوو. کە وەک نووسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی ئاماژەی پێدەکات، هەردوولا هیوایان خواستووە بهپێی دهرهنجامهكانی ههڵبژاردن حكومهتێک پێكبهێنرێت لهئاستی چاوهڕوانی و رهزامهندیی ههموو پێكهاتهكانی عێراقدا بێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "باس له ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق كرا و ههردوولا هاوڕابوون کە بهڕێوهچوونی سهركهوتووانهی ههڵبژاردن دهستكهوتێكی گرنگی دیموكراسییه بۆ ههموو گهلی عێراق."
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نووسینگەی قوباد تاڵەبانی پێیوایە، بهشێكی گهورهی كێشهكانی عێراق و لهنێویشیاندا كێشهكانی نێوان ههرێمی کوردستان و بهغدا به گهڕانهوه بۆ دهستوور چارهسهر دهكرێن.
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، سهرۆكی شاندی یهكێتی جهختی كردووەتەوە لەوەی، "یهكێتی پێداگره لهسهر ئهوهی لەپێشینەی کارەکانی ههردوو حكومهتی داهاتووی ههرێم و بهغدا، دهبێت چارهسهركردنی كێشهكانی نێوانیان بێت، بهتایبهتیش كێشهی بودجه، نابێت بههیچ شێوهیهک چیتر بودجه وهكو مافێكی دهستووری خهڵكی كوردستان، بخرێته چوارچێوهی ناكۆكی و ململانێ سیاسییهكانهوه".
دوای فایەق زێدان، قوباد تاڵەبانی گەیشتە نووسینگەی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی عامری، "لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە قووڵایی پەیوەندییە ستراتیژی و مێژووییەکانی نێوان رێکخراوی بەدر و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد."
نووسینگەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە هێزی عێراقی یەکگرتوو، هێزە بۆ هەمووان.
'یەکێتی بەغدا بە قووڵایی ستراتیژیی خۆی دەزانێت'
ئێوارەی دوێنێ، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب کۆبووەوە و رایگەیاند، یەکێتی بەغدا بە قووڵایی ستراتیژیی خۆی دەزانێت و دەبێت کێشەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن.
بەگوێرەی نووسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ داهاتووی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا روون کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "یەکێتی بەغدا بە قووڵایی ستراتیژیی خۆی دەزانێت و پێی وایە دەبێت هەموو کێشەکانی عێراق و لەنێویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، لەنێوخۆی عێراق و بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەموو عێراق چارەسەر بکرێن."
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، عێراق پێویستی بە حکومەتێکی "بەهێز و کارا هەیە کە بتوانێت لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی بنەڕەتی بنێت بۆ گەشەپێدانی ئابووریی عێراق.
قوباد تاڵەبانی گوتیشی: "ئەرکی حکومەتی داهاتووی عێراقە بەدوور لە ناکۆکییە سیاسییەکان، بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان دابین بکات."
قوباد تاڵەبانی: نابێت بودجە ببێتە بابەتی ناکۆکی و ململانێی سیاسی
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ دووشەممە بەردەوام بوو لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئەمجارە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە. بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی، "لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان بە دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەموو گەلی عێراق ناوزەند کرد."
نووسینگەکەی دەڵێت، قوباد تاڵەبانی دید و بەرنامەی یەکێتیی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا روون کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "یەکێتی پێیوایە حکومەتی داهاتوو دەبێت لەلایەکەوە هەوڵی جدی بدات بۆ پاراستنی سەرەوەری و سەربەخۆیی عیراق و، لەلایەکی دیکەشەوە زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەموو ناوچەکانی عێراق."
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "یەکێتیی پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت لەپێشینەی کارەکانی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم[ـی کوردستان] چارەسەرکردنی هەرچی زووتری کێشەکانی نێوانیان بێت بەتایبەتیش کێشەی بەشە بودجەی هەرێم، چونکە بودجە وەک مافێکی دەستووریی هاووڵاتییانی کوردستان نابێت ببێتە بابەتی ناکۆکی و ململانێی سیاسی."
مالیکی و تاڵەبانی: حکومەتێکی بەهێز و کارا پێکبهێنرێت
هەر ئەمڕۆ، شاندەکەی یەکێتیی لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە. بەگوێرەی میدیای فەرمیی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکە باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق کراوە و "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دروستکردنی کۆدەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بۆ ئەوەی حکومەتێکی بەهێز و کارا پێکبهێنرێت کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت."
میدیای یەکێتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلالی بیرهێنایەوە کە چۆن لەپێناو بەرژەوەندی گشتییدا ناوماڵی کورد و هەموو عێراقییەکانی رێکدەخستەوە و بە گرنگی زانی لەم قۆناخەشدا هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال جێبەجێ بکرێت بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو."
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، ئامادەیی یەکێتی دەربڕیوە، "بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی هەرچی زووترە رێککەوتنێکی تۆکمە و گشتگیر بکرێت لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو."
یەکێتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 18 کورسی بەدەستهێنا، شیعەکان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا خۆیان وەک گەورەترین فراکسیۆن راگەیاند، پێنج لایەنی سەرەکی سوننەکانیش ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانییان پێکهێنا، ئەوەی ماوەتەوە کوردە کە تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەکان پێکنەهێناوە.