پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی دەبێتە راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، وەکو راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق دەستبەکار بوو.
رۆژی دووشەممە 09-01-2023، محەممەد ئەمین فارس، پەرلەمانتاری پارتی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا وەک گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بە پلەی (ئەلف) دەستبەکار بووم."
سەرۆککۆماری عێراق ژمارەیەک راوێژکاری هەیە، راوێژکاران کە بە گرێبەست لە کۆشکی کۆماری دادەمەزرێن، سێ پلەیان هەیە، ئەویش پلەکانی (ئـ، ب، ج)ـە.
بەگوێرەى یاسای رێکخستنى کارى راوێژکاران، دەبێت پەرلەمان و سەرۆکایەتیى کۆمار و ئەنجوومەنى وەزیران هەر یەکەیان شەش راوێژکاریان هەبێت و وەزارەت و دەستەکانیش سێ راوێژکاریان هەبێت، بە مەرجێک بە رەزامەندیى ئەنجوومەنى وەزیران بێت و سەرجەم راوێژکارەکان بە دەنگدان دیاری دەکرێن لە پەرلەمان و دواتر مەرسوومى کۆمارییان بۆ دەردەکرێت.
د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە دوای کەمتر لە دوو هەفتە لە دەستبەکاربوونی، لە رۆژی 26-10-2022 بە نووسراوێکی فەرمی گرێبەستی حەوت راوێژکاری لە سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵوەشاندەوە کە راوێژکاری بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بوون.