مەندەلاوى لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

موحسین مەندەلاوى، جێگری یەکەمی سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێکردنى ئەو پڕۆژەیاسایانەى کە لە وەرزى یاسادانانى نوێی پەرلەماندا تاوتوێ دەکرێن، بڕیاردەرى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "پێشبینی دەکرێت هەفتەى داهاتوو سەرۆکى نوێى پەرلەمان هەڵبژێردرێت".
 
بڕیارە کاژێر 3:00 ى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە، 9ى کانوونى دووەمی 2024، موحسین مەندەلاوى، جێگری یەکەمی سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە برى سەرۆکى پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنى هەنگاوەکانى پەرلەمان لە وەرزى نوێى یاساداناندا.
 
رۆژی 9ى کانوونى دووەمى 2024، کاروان یاروەیس، بڕیاردەرى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى ئەو پڕۆژە یاسایانەیە کە وەرزى نوێى یاسادانان تاوتوێ دەکرێت، لەوانە هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى و دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیرى نوێى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق دەستیپێکرد، کە بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان بۆ ماوەى چوار مانگە.
 
لە 15ى تشرینى یەکەمى 2023 بە بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق محەممەد حەلبووسی لە ئەندامێتى و پۆستى سەرۆکى پەرلەمان دوورخرایەوە، تاوەکو ئێستا سەرۆکێکى نوێ بۆ پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە. 
 
کاروان یاروەیس ئاماژەى بەوەدا، سەرجەم دانیشتنەکانى پەرلەمان تاوەکو سەرۆک هەڵدەبژێردرێت، کۆبوونەوەى نائاسایی دەبن و بە واژۆى زیاتر لە 50 پەرلەمانتار دەکرێت، گوتیشى: "پێشبینی دەکرێت هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى عێراق دەستپێبکاتەوە و سەرۆکى نوێى پەرلەمان هەڵبژێردرێت".