هەناردەی نەوتی عێراق لە ساڵی 2025 بە رێژەی 2% کەمی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین ئاماری یەکەی توێژینەوەی وزە لە واشنتن، هەناردەی نەوتی عێراق لە ساڵی 2025ـدا، بەراورد بە پار، 2% کەمی کردووە، کە دەکاتە 61 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
یەکەی توێژینەوەی وزە رایگەیاندووە، تێکڕای هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی دەریاوە لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 3.336 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024ـدا 3.397 ملیۆن بەرمیل بووە.
کەمبوونەوەکە، هاوکاتە لەگەڵ پابەندبوونی بەغدا بە کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەی ئاستی بەرهەمهێنان و رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهان.
هەناردەی نەوتی عێراق لە ساڵی 2025 بەپێی مانگەکان
مانگی شوبات، بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی نەوتی لە ساڵی 2025ـدا تۆمارکردووە
کانوونی دووەم: 3.299 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
شوبات: 3.485 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
ئادار: 3.280 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
نیسان: 3.319 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
ئادار: 3.207 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
حوزەیران: 3.331 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
تەممووز: 3.385 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
ئاب: 3.34 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
ئەیلوول: 3.413 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
تشرینی یەکەم: 3.435 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
تشرینی دووەم: 3.282 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
کانوونی یەکەم: 3.248 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا
جگە لەو بڕە نەوتەی لەرێگەی دەریاوە هەناردە دەکرێت، مانگانە نزیکەی 400 بۆ 450 هەزار بەرمیل رادەستی ئوردن دەکرێت، کە بە تێکڕا رۆژانە 15 هەزار بەرمیل دەکات، ئەمەش بەپێی رێککەوتنێکی نێوانیان کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بەردەوام بوو.
بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق لە ماوەی ساڵی 2025
بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی یەکەی توێژینەوەی وزە، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2025ـدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و گەیشتووەتە 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بە بەراورد بە نزیکەی 4.17 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی 2024.
پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2026ـدا بەرزببێتەوە و تاوەکو کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵەکە بگاتە 4.273 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
رۆژی 30ی تشرینی دووەمی پار، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رێککەوت لەسەر هێشتنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک خۆی تاوەکو ساڵی 2026 و بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی هاوپەیمانییەکە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2026 بکرێت.
لە ساڵی 2016 رێکخراوی ئۆپێک لەگەڵ 10 بەرهەمهێنەری دیکەی نەوت هاوئاهەنگییان لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سەقامگیریی بازاڕ، هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی ئۆپێک پڵەس دروستکرد.