ئەمریکا: بەشداریپێکردنی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە حکومەتی عێراق دژ بە هاوبەشیمانە


رووداو دیجیتاڵ 

هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری دەداتە سەرکردە سیاسییەکان و رایدەگەیێنێت، نابێت گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە هیچ شێوەیەک لە حکومەتی نوێی عێراقدا بەشدار بن، ئەوەش بە "دژ بە هاوبەشیی بەغدا و واشنتن" ناودەبات.
 
ئەمڕۆ هەینى 9ـى کانوونى دووەمى 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەکە و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەو کۆبوونەوەیەدا جۆشوا هاریس جارێکی دیکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەشداریپێکردنی میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران لە حکومەتی عێراق، بە هەر شێوازێک بێت، دژ بە هاوبەشیی بەهێزی نێوان ئەمریکا و عێراقە."
 
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاندووە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی گرتنەبەری رێکاری خێرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانەی کە بە "میلیشیای تیرۆریستیی سەر بە ئەجێندای دەرەکی" ناوی بردوون و دەڵێت: "ئەو گرووپانە هەڕەشە لە سەروەریی عێراق و سەقامگیری و ئابوورییەکەی دەکەن."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هاریس و حەکیم تاوتوێی بەرەوپێشچوونی هاوبەشییان کردووە بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووری.
 
هۆشدارییەکەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، لە هەڵبژاردنی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، چوار گرووپی چەکداریی شیعەی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی بەشدار بوون و پێکەوە زیاتر لە 58 کورسیی خولی شەشەمی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.
 
ئەو لایەنانە کە ئێستا خاوەنی 58 کورسین، هەوڵدەدەن لە رێگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بەشدار بن لە حکومەتی نوێی عێراقدا.