کتێبخانە گەورەکەی زانکۆی موسڵ کە داعش تێکیدا نۆژەندەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کتێبخانەی زانکۆی موسڵ پێشتر نزیکەی یەک ملیۆن ناونیشانی تێدا بوو، بەڵام چەکدارانی داعش لە سەردەمی دەسەڵاتدارییان لە شارەکە لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 پەلاماری کتێبخانەکەیان دا و ژمارەیەکی زۆری کتێبە دەگمەن و کۆنەکانیان دڕاند و سووتاندیان، بەبیانووی ئەوەی لەگەڵ هزرە پەرگیرەکەی ئەواندا ناگونجێن، ئەوە جیا لەوەی کە جەنگی رزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعش زیانێکی زۆری بەو کتێبخانەیە گەیاند.
 
محەممەد یونس، بەڕێوەبەری هونەریی زانکۆی موسڵ رایگەیاند، "راستییەکەی کتێبخانەی ناوەندی زیانی زۆری بەرکەوت، زیاتر لە 85٪ بۆ 90٪ی کتێب و توێژینەوە و تێزەکان زیانیان پێگەیشتووە، ئەوەی رزگارکرا کەمتر بوو لە 5٪ یان 10٪ـی کتێبەکان کە زۆر کەمن و ئێمە بە دەگمەنەکانیان ناودەبەین."
 
دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی داعش لە عێراق، موسڵ کە بە درێژایی سەتان ساڵ خاوەنی چەندین کتێبخانەی خاوەن کتێب و نووسراوی دەگمەن بوو لە بوارەکانی ئایین، ئەدەب، یاسا و فەلسەفە، هەوڵی دروستکردنەوەی ناوەندی رۆشنبیریی و زانستی خۆی دەدات کە کتێبخانەی زانکۆی موسڵە، لەگەڵ زیندووکردنەوەی کتێبخانەی گشتیی موسڵ.
 
جەمال عەبد رەبە، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی موسڵ ئاماژەی بەوە کرد، "کتێبخانەکە پێش رووداوەکانی 10ی شەش، 121 هەزار کتێبی تێدا بوو، ئێستاش سوپاس بۆ خودا گەڕاینەوە و نزیکەی 132 هەزار کتێبمان هەیە، قەرەبوومان کردنەوە، کەسانی چاکەکاریش کە خەڵکی شارەکەن ئەو کتێبانەیان گەڕاندنەوە کە دۆزرابوونەوە لە مزگەوتەکان و ئەو شوێنانەی کە داعش بەکاری دەهێنان وەکو خانوو و فەرمانگەکان."
 
لەپاڵ کتێبخانەی زانکۆی موسڵ و کتێبخانەی گشتیی شارەکە؛ هەوڵەکان بۆ نۆژەنکرنەوەی کتێبخانەکانی کەرتی تایبەت لە شەقامی نەجەفی لە موسڵ قۆناخی باشیان بڕیوە.
 
ئوسامە کەرەکچی، خاوەنی کتێبخانە لە شەقامی نەجەفی لە موسڵ گوتی، "کە هاتینە شەقامی نەجەفی لێرە نەماندەتوانی بە نێویدا تێپەڕین، چونکە هەموو شەقام و دوکانەکانی ئێرە زیانی زۆریان پێگەیشتبوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا هاتم و نۆژەنم کردەوە، سوپاس بۆ خودا من یەکەم کەس بووم کە دەستم بە نۆژەنکردنەوە کرد."
 
پرۆژەی زیندووکردنەوەی کتێبخانەکانی شاری موسڵ بە هاوکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەخششی چەندین زانکۆی عەرەبی و نێودەوڵەتیی، کەسایەتی موسڵ و عێراقی جێبەجێ دەکرێت کە ژمارەیەکی زۆر کتێبیان لە کتێبخانەکانی خۆیان بەخشیوەتە کتێبخانەکانی موسڵ.