لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق پێکدەهێندرێ


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی یاسایی کاتی بۆ هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ و تێکەڵکردنی لیژنەکان پێکدەهێنێت. پێشبینیی دەکرێ کورد سەرۆکایەتیی چوار بۆ پێنج لیژنەی بەربکەوێ.
 
ئەو هەنگاوە لە کۆبوونەوەی 8ـی شوباتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بڕیاری لێدراوە.
 
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکە بەشدار بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو لیژنەیە پێشنیازی تایبەت بە تێکەڵکردن و کەمکردنەوەی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق ئامادە دەکات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێ.
 
25 لیژنەی هەمیشەیی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق هەن کە بەسەر بوارە جیاوازەکاندا دابەش کراون.
 
موسەننا ئەمین رایگەیاند، لەدوای هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ و دەنگدان لەسەر ژمارەی لیژنەکان، ئەندامانی پەرلەمان بەسەر لیژنەکاندا دابەش دەکرێن. 
 
پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بڕگەکانى دەنگدانە لەسەر لیژنە هەمشەییەکانى.
 
قۆناخێکی دیکەی کاری لیژنەکان لە پەرلەمانی عێراق دیاریکردنی سەرۆک و جێگرانی یەکەم و دووەمی لیژنەکانە و بەر لەوە هەر لیژنەیەک لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامییەوە وەک سەرۆکی بەتەمەن بەڕێوەدەبرێ.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێشبینی کرد کورد سەرۆکایەتیی چوار بۆ پێنج لیژنەی بەربکەوێ، ئەگەر لیژنەکانیش کەم بکرێنەوە ژمارەکە دەگۆڕدرێ.
 
لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا شیعە سەرۆکایەتیی 14 لیژنە، سوننە پێنج لیژنە و کورد چوار لیژنەی بەدەستەوە بوو، هەرچی تورکمان و کریستیانە یەکى سەرۆکایەتیی لیژنەیەکی پەرلەمانییان بەرکەوت.