پەرلەمانی عێراق پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەکاتەوە و ژمارەی لیژنەکان کەم دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا پەیڕەوی ناوخۆ هەموار بکاتەوە و ژمارەی لیژنە هەمیشەییەکان کەم بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی کاتی بە سەرۆکایەتیی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان پێکهێنا؛ لە دانیشتنەکەشدا سێ پەرلەمانتاری نوێ سوێندی یاساییان خوارد.
 
رۆژی دووشەممە 9-2-2026، پەرلەمانی عێراق 7ـەمین دانیشتنی خۆی لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردن و وەرزی یەکەمی یاسادانان بە ئامادەبوونی 216 پەرلەمانتار بەست. لە دانیشتنەکەدا دەنگدرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی بە سەرۆکایەتیی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بەتایبەتی لەو بڕگانەی پەیوەندییان بە لیژنە هەمیشەییەکانەوە هەیە.
 
یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 کرا.
 
سروە محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە ژمارەی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان لە 25 لیژنەوە بکرێنە 22 بۆ 23 لیژنە، بۆیە لیژنەیەک لە سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنەکانەوە پێکهاتووە بە سەرۆکایەتیی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ کە کاری سەرەکییان کەمکردنەوەی ژمارەی لیژنەکانە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمانتاران بەسەر لیژنەکاندا دابەش بکرێن و فراکسیۆنەکان ناوی پەرلەمانتارەکانیان بۆ لیژنەکان دابووە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
 
سروە محەممەد گوتی: "بەهۆی ئەوەی ژمارەی لیژنەکان کەم دەکرێنەوە و دەستکاری دەکرێن، بۆیە دابەشکردنی پەرلەمانتاران بەسەر لیژنەکان دوادەکەوێت تاوەکو هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ دەکرێت و ئەوسا روون دەبێتەوە ژمارە و شێوەی لیژنەکان چۆنە، تاوەکو پەرلەمانتاران بەسەر لیژنەکان دابەش بکرێن".
 
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە، پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی ئەو رێکارانەی لە ئەنجامی میوانداریکردنی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەرانی گشتیی گومرگ و باج گیرابوونەبەر.
 
حەلبووسی ئاماژەی بەوەش کرد، پەرلەمان نووسراوی ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە و چاوەڕێی راسپاردەکانی حکومەت دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدات.
 
هەر لە دانیشتنەکەدا، هەریەکە لە (حەسەنین خەفاجی، جەعفەر زاملی و عەلی ئنهەیر سەرای) وەکو ئەندامانی نوێی پەرلەمان لە شوێنی ئەندامە دەستلەکارکێشاوەکان، سوێندی دەستووریان خوارد.