تەقینەوەیەک لە پاڵاوگەی بێجی روویدا و یەک کەس گیانیان لەدەستدا 13ـی دیکەش بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی تەقینەوەی کۆمپرێسەرێکی هەوا، ئاگرێکی گەورە لە پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین کەوتەوە؛ بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان یەک کەس گیانیان لە دەستداوە و 13 کەسیش بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، عەمید فیراس داود، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاگرەکە لە یەکەی باشترکردنی بەنزین لە پاڵاوگەی (سەلاحەدین 2) کەوتووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان یەک کەس گیانیان لەدەستداوە و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون."
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، یاسین محەممەد عەلی داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە رووداوی گوت، هۆکارەکە بۆ "تەقینەوەی کۆمپرێسەرێکی هەوا" لەنێو یەکەکەدا دەگەڕێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرجەم بریندارەکان کارمەندی پاڵاوگەکەن و بۆ چارەسەر گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی بێجی.
 
هاوکات، دکتۆر رائید جبووری، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی قەبارەی رووداوەکەوە باری نائاسایی لە نەخۆشخانەی گشتیی بێجی و نەخۆشخانەی فێرکاریی تکریت راگەیێندراوە و سەرجەم تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا و کارمەندانی تەندروستی خراونەتە ئامادەییەوە.
 
پاڵاوگەی بێجی یەکێکە لە گەورەترین پاڵاوگەکانی عێراق و دەکەوێتە باکووری پارێزگای سەلاحەدین. لەم ساڵانەی دواییدا چەندین یەکەی نوێی تێدا کراوەتەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی.