پەرلەمانتارێکی پارتی: عێراق لەبەردەم قەیرانی ئابووریدایە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی ئابووریدایە و ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بمێنێتەوە، وڵات رووبەڕووی قەیران دەبێتەوە. ئاشکراشی دەکات کە رسووماتی هەر کۆنتێنەرێک لە 50 هەزار دینارەوە بۆ 200 هەزار دینار بەرزکراوەتەوە.
سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "حکومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک هەوڵی زیادکردنی داهاتی نانەوتی دەدات بۆ ئەوەی ساڵی 2026 بەبێ کورتهێنانی گەورە تێپەڕێنێت، بەڵام ئەمە بووەتە بارگرانی بۆ سەر هاووڵاتییان".
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "رسووماتی هەر کۆنتێنەرێک لە 50 هەزار دینارەوە بۆ 200 هەزار دینار بەرزکراوەتەوە، ئەمە جگە لە زیادکردنی تەعریفەی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکان، کە وایکردووە کاڵا لەسەر هاووڵاتییان گرانتر بکەوێت و ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە".
سەبارەت بە کێشە گومرگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەزۆر سەپاندنی سیستمی "ئەسیکۆدا"، سیپان شێروانی رەخنەی تووند لە شێوازی مامەڵەی حکومەتی فیدراڵ دەگرێت و بە "فەرزکردنی ئیرادەی خۆسەپێنیی مەرکەزی بەسەر دەستووردا" وەسفی دەکات.
شێروانی گوتی: "سیستمی ئەسیکۆدا سیستمێکی ئەوەندە پێشکەوتوو نییە و گرفتێکی زۆری تێدایە، عێراق سێ بۆ چوار ساڵە کادیرانی خۆی لەسەر رادەهێنێت بێ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردبێت، کەچی ئێستا کە خۆیان ئامادەن، دەیانەوێت بەبێ ئامادەکاری بەسەر هەرێمی کوردستانیدا بسەپێنن".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، سەرەڕای بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رێگریکردن لە دووجار وەرگرتنی باج، بەڵام هێشتا کاریگەرییە خراپەکان ماون و گوتی: "عێراق چەندین بازگەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە داناوە و پارە لە بازرگانان وەردەگرن، ئەمەش وایکردووە تێچووی گواستنەوە و گومرگ زۆر زیاد بێت و دواجار هاووڵاتیی عێراقی باجەکەی دەدات".