سێ لایەنی سوننە لەسەر بەربژێری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێککەوتن

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی تەقەدووم رایدەگەیێنێت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی تەقەدوومە و سازشی لەسەر ناکەن. هەریەک لە خەمیس خەنجەر، موسەننا سامەڕائی و سابت عەباسی-ش بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشکێش بە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان دەکەن.
 
یەحیا عیساوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، رۆژی شەممە 9ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شایستە و بەرکەوتەی پارتی تەقەدوومە، وەکو گەورەترین فراکسیۆنی سوننە لە پەرلەمان سازشی لەسەر ناکەین."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە نوێترین پێشهاتدا هەریەک لە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتی سەروەری؛ موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی نووسراوێکی هاوبەشیان ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی "شیعەکان" کردووە، تێیدا سالم مەتەر عیساوی-یان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کردووە.
 
ئەو سێ سەرکردە سوننەیە بە پێویستی دەزانن، دیاریکردنی دانیشتنی پەرلەمان پەلەی تێدا بکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێیانوایە "پشتیوانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ بەربژێرەکەیان بەرکەوتەی دەستوورییان تەواو دەکات بۆ رەخساندنی پرۆسەی سیاسی بەشێوەیەک کە خزمەت بە عێراق و یەکێتی و سەروەرییەکەی بکات."
 
یەحیا عیساوی دەڵێت، "پارتی تەقەدووم بە تەنیا 45 کورسی لە پەرلەمان هەیە، ئەو سێ لایەنە پێکەوە 30 کورسیان هەیە، لەکاتی دابەشکردنی پۆستەکانیشدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان 25 خاڵی لەسەر بووە و بەر تەقەدووم کەوت، لەکاتێکدا ئەو سێ لایەنە پۆستە وەزارییەکانی بەرگری، بارزگانی و وەزارەتی پەروردە-یان لە پشکی سوننە بەرکەوتووە و شایستەی خۆیان وەرگرتووە، مافیان نییە داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکەن."
 
پەرلەمانتارەکەی تەقدووم پێیوایە لەگەڵ ئەوەی هەموو پەرلەمانتارێک مافی خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەیە، بەڵام ئەو کارەی ئەو سێ لایەنە "یاخیبوون و بازدانە لە شایشتە و بەرکەوتەکان، ئەگەر ئەوان پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان دەوێت، ئەوکات پێویستە سەرلەونوێ پێداچوونەوە بە سەرجەم پۆستەکاندا بکرێت، پۆستە وەزارییەکانیان لێوەربگیرێتەوە، ئەوسا دەتوانن پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرن."
 
پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەرکەوتەی عەرەبی سوننەیە، پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە، لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ ئەو مەبەستە، محەممەد حەلبووسی لە بەغدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە شیعەکان کرد و سەردانی هەولێر و سلێمانیشی کرد.
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، شەوی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتی سەروەری و موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بووە، سێ پێشنیاز خراوەتەڕوو، یەکەم: بەپێی خاڵ ئەو پۆستە یەکلابکرێتەوە. دووەم: سوننەکان هەموویان کۆببنەوە و لەسەر بەربژێرێک رێبکەون. سێیەم: هەریەکەیان بە بەربژێری خۆ بچنە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەوێ لە رێگەی هاوپەیمانەکانیان لەنێو پەرلەمان بە دەنگدان یەکلایی بکەنەوە.
 
دوای ئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی لە تشرینی دووەمی 2023 محەممەد حەلبووسی لە ئەندامییەتی پەرلەمان دوورخستەوە، سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق 14ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنێکى تایبەتى بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت، پاش ئەوەى دەنگدان بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لەنێوان شەعلان کرەیم، بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدووم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى سەروەرى.
 
رۆژی 28ی شوباتى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، دانیشتنێکى لە بارەى ئەو سکاڵایە کرد، کە لەدژى خۆبەربژێرکردنى شەعلان کرەیم، بەربژێرى فراکسیۆنى تەقەدووم بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکرابوو. دادگەکە بە پاساوى ئەوەى لە تایبەتمەندیى دادگەکەدا نییە، سکاڵاکەى رەتکردەوە. 
 
سکاڵاکە دژی شەعلان کرەیم لەلایەن یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی و حوسێن موئەنیس، پەرلەمانتارانى شیعەوە تۆمارکرابوو، بە تۆمەتی ئەوەى شەعلان کرەیم یاساى لێپرسینەوە و دادوەرى دەیگرێتەوە، داواشیان کردبوو دادگەى فیدراڵى بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ راگرتنى کۆبوونەوەکانى پەرلەمان هەتاوەکو ئەوکاتەى سەرۆکێکى نوێ هەڵدەبژێردرێت.
 
بڕیارە لە 1ى نیسانى 2024، دادگەى فیدراڵى دانیشتنێکى دیکە بکات بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵا، کە تایبەتن بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان.
 
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن هەیبەت حەلبووسی و ئەحمەد جبوورى، ئەندامانى فراکسیۆنى تەقەدووم تۆمارکراوە لە دژى کۆبوونەوەى 13ـی کانوونى دووەمى 2024ـی پەرلەمان، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکی پەرلەمان و داوادەکەن سەرجەم ئەو بڕیارانەى لەو کۆبوونەوەیە دەرکراون، هەڵبوەشێندرێنەوە، کە یەکێک لە بڕیارەکان دواخستنى هەڵبژاردنەکە بوو، ئەگەرچى گەیشتنە گەڕى دووەم و کۆتایی. 
 
سکاڵاکەى دیکە لەلایەن یوسف کیلابی، فالح خەزعەلی، حوسێن موئنیس تۆمارکرابوو، کە داوا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى دەکەن ئەندامیێتیى شەعلان کرەیم لە پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە، بەوپێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە مەرجە یاسایی و دەستوورییەکانى ئەندامیێتى لەدەستداوە و داواش کراوە؛ دادگە بڕیارێکى کاتى دەربکات بۆ ئەوەى لە کارى پەرلەمانتاری رابگیرێت تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵاکە لە دادگەى فیدراڵى یەکلادەکرێتەوە.