لیژنەی پاراستنی موڵکەکانی دەوڵەتی عێراق: موڵکی 50 ملیار دیناری بە کەمتر لە پێنج ملیار دینار فرۆشراوە


رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی پاراستنی موڵکەکانی دەوڵەت لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، ژمارەیەکی زۆری موڵکەکانی دەوڵەت سەرپێچییان کراوەتەسەر. دەشڵێت، پشکنینیان بۆ سەرووی 9000 موڵک کردەوە کە سەرپێچییان کراوەتەسەر و موڵک هەیە نرخەکەی 50 ملیارە، کەچی بە کەمتر لە 5 ملیار دینار فرۆشراوە. 
 
پەرلەمانی عێراق لیژنەی پاراستنی موڵکەکانی دەوڵەتی پێکهێناوە، بۆ کۆکردنەوە و پشکنینی ئەو موڵکانەی دەوڵەت کە سەرپێچییان تێدا کراوە، لەلایەن رێکخراوەکان، کەسانی خاوەن هەژموون، لایەن و فراکسیۆنە سیاسییەکان، یاخود ھەر لایەنێکی دیکە. 
 
ئەمیر مەعمووری، سەرۆکی لیژنەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-03-2025، بە میدیای فەرمیی عێراقی گوت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9000 موڵک پشکنینیان بۆ کراوە کە سەرپێچییان تێدا کراوە، 36 موڵکی گەورەی دیکە ھەن سەرپێچییان تێدا کراوە، ھەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2005 و زۆربەیان موڵکی دەوڵەتن.
 
بەگوتەی ئەمیر مەعموری: "لە فرۆشتنی زۆربەی موڵکەکانی دەوڵەتدا، ستەمێکی زۆر کراوە، بە نرخی راستەقینەی خۆیان نەفرۆشراون، ئەمەش کاریگەریی لەسەر داھاتەکانی دەوڵەت ھەبووە".
 
سەرۆکی لیژنەکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی، باسی لەوەکرد، "ھەندێک موڵک ھەیە نرخەکەی دەگاتە 50 ملیار دینار، بەڵام بە کەمتر لە 5 ملیار دینار فرۆشراوە، واتە 45 ملیار دینار لە موڵکێکدا ستەم کراوە. ھەندێک موڵک ھەیە بە شێوەیەکی تایبەت فرۆشراون، بەبێ ئەوەی ھیچ ریکلامێک یان زیادکردنێکی ئاشکرایان بۆ بکرێت. ھەندێک موڵک بە شێوەی تاکەکەسی بەخشراون، کە پێیان دەگوترێت (عەرسە)، ئەوانیش پارچە زەوی بازرگانین".
 
لیژنەکە راپۆرتەکەی خۆی پێشکێش بە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، دواتر لەگەڵ پێشنیازەکان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت. ئەمیر مەعمووری دەڵێت: "ھەندێک پارچە زەوی ھەن نرخەکەیان زیاترە لە 5 ملیار دینار، بەڵام بۆ کەسانی دیکە تەرخانکراون بە ناونیشانی پارچە زەویی نیشتەجێبوون، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و رێساکانە."