سیستانی: بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەرکی سەرشانی هەمووانە
رووداو دیجیتاڵ
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق لە فەتوایەکی نوێیدا دەڵێت، بەرگریکردنی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شوێنکەوتووانی (ئەرکی سەرشانی هەمووانە)، بە مەرجێک رەزامەندیی دایک و باوکی ئەو کەسەی لەگەڵدا بێت، کە بەو کارە هەڵدەستێت.
رۆژی یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، نووسینگەی عەلی سیستانی فەتوایەکی لەبارەی بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
سیستانی لە وەڵامی دوو پرسیاری یەکێک لە شوێنکەوتووەکانیدا، پشتگیریی خۆی بۆ بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەبڕێت و بە "واجبی کیفائی" ناوی دەبات.
"واجبی کیفائی" لە فیقهی ئیسلامی و مەزهەبی شیعەدا بە ئەرکێک دەگوترێت لەسەر شانی هەموو کەسێکە، بەڵام ئەگەر کەسێک یان چەند کەسێک ئەرکەکە جێبەجێ بکەن، ئەرکەکە لەسەر شانی ئەوانی دیکە هەڵدەگیرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هیچ کەسێک ئەرکەکە جێبەجێ نەکات، هەموو شوێنکەوتووانی ئایینەکە بە گوناهبار دادەنرێن.
دەقی پرسیاری ئاراستەکراو بۆ سیستامی و وەڵامەکەی:
بۆ خزمەتی موبارەکی ئایەتوڵڵا سیستانی
لەگەڵ سڵاو و رێزی بێ پایانم
بە رێزەوە داوا دەکەم لەبارەی پرسی خواڕەوە بۆچوونی بەڕێزتان بفەرموون:
بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی هەستیاری ئێستا و پێویستیی زۆری کۆمەڵگە بە ئەوپەری هاوسۆزی و ئامادەبوونی خەڵک لە گۆڕەپانەکەدا، بۆ رێگریکردن لە فیتنەی ئاژاوەگێران، لەوانەش هەوڵدان بۆ دروستکردنی بێهێوایی و نائۆمێدی لە نێوان خەڵکدا، لاوازکردنی بیروباوەڕی ئایینی، پەرەپێدانی بێ رەوشتی و گەندەڵیی ئەخلاقی، هەوڵدان بۆ کوشتن، تاڵانکردن و لەناوبردنی موڵک و ماڵی گشتی، ئاڵۆزی و ناسەقامگیری، هەروەها پیلانی دوژمنان بۆ دابەشکردنی ئێران و رووخاندنی سیستەمی ئیسلامی، هەست بە ئەرک دەکەم بۆ دەربڕینی هەڵوێستی خۆم و پشتیوانی لە ئیسلام و شۆڕش، بۆ بێهیواکردنی دوژمنان، دروستکردنی ترس لە دڵیاندا و رێگریکردن لەو گەندەڵییانەی سەرەوە، لە مزگەوت، شەقام و شوێنە گشتییەکاندا ئامادە بم.
پرسیاری 1: ئایا ئامادەبوونێکی وا لەسەر من و کەسانی وەکو من پێویستە؟
پرسیاری 2: ئەگەر دایک و باوکانی ئازیز دژایەتیی ئەو شتەیان کرد و ناڕازی بن لەسەر ئەوەی کارێک بکەم کە نیگەرانیی ئەوانی لێبکەوێتەوە و رێگە نەدەن لەو گردبوونەوانە ئامادە بم، لەو کاتەدا ئەرکی شەرعیی من چی دەبێت؟ سەرەڕای پێویستیی ئامادەبوونی کۆمەڵگا و پێویستیی رووبەڕووبوونەوەی فیتنە، ئایا گوێڕایەڵی دایک و باوک و رەزامەندی ئەوان لە پێش هەموو شتێکەوەیە، یان ئامادەبوون لە گۆڕەپانەکەدا واجبترە؟
پێشوەختە سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم دەرببڕم بۆ گرنگیدان و رەچاوکردنی ئێوە.
وەڵامی عەلی سیستانی بۆ ئەو شوێنکەوتووەی بەم شێوەیەیە:
وەڵامی 1: لە گریمانەی پرسیارەکەدا، پرسی ئامادەبوون و بەشداریکردن بە واجبی کیفائی دادەنرێت.
وەڵامی 2: تا دەتوانن رەزامەندیی دایک و باوک وەربگرن، هەروەها ئەگەر بتوانن بە شێوەیەک مامەڵە بکەن کە بەهۆی دڵسۆزی و میهرەبانییانەوە نەبێتە هۆی بێزارییان، واجبە بە هەمان شێوە مامەڵە بکەن، بەپێچەوانەوە ئامادەبوونتان لە پێش هەموو شتێکەوەیە.