عەمار حەکیم پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی کرد بەبۆنەی دیاریکردنی وەکو سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ـی ئاداری 2026 بڵاوکرایەوە، عەمار حەکیم، وێڕای دووبارەکردنەوەی سەرەخۆشییەکانی بۆ "شەهیدبوونی" ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی کوڕی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو رێبەری نوێی وڵاتەکە.
حەکیم لە پەیامەکەیدا، داوای لە خودا کرد کە رێبەری نوێی ئێران سەرکەوتوو بێت لە "درێژەپێدانی رێبازی باوکی و باپیرانی" بۆ بەرزڕاگرتنی وشەی حەق و بەردەوامیدان بە رێگەی قوربانیدان.
ئەم پیرۆزباییەی عەمار حەکیم لە کاتێکدایە کە پرسی گۆڕانکاری لە هەڕەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەنگدانەوەی زۆری لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا هەبووە.
رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشێکی هاوبەش و بەرفراواندا چەندین ناوچەیان لە ناوخۆی ئێران کردە ئامانج و لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئەو وڵاتە کوژرا، دواتر بەرەبەیانی رۆژی 1ـی ئاداری 2026 لەلایەن تارانەوە بە فەرمی پشتڕاستکرایەوە.
دوای هەفتەیەک لە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رۆژی دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە راگەیێندراوێکدا دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی، تەمەن 56 ساڵانی وەک سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامی راگەیاند.