کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی حقووق لە پەرلەمانی عێراق، کە باڵی سیاسیی کەتائیبی حیزبوڵای عێراقە، پێشنیازی کردووە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەمریکییەکان تێیدا بەشدارن.
رۆژی دووشەممە 9ی ئاداری 2026، حوسێن موئنیس، سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی داخراوی رۆژی شەممەی بڵاوکردەوە کە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی ئەنجامدراوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی حقووق دەڵێت: "لەو کۆبوونەوەیەدا داوامان کرد هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر ئەمریکا دیاری بکرێ و روون بێتەوە کە ئایا ئەمریکا دۆستە یان دووژمن، دوای ئەوەی رێککەوتنی ساڵی 2008ی پێشێل کرد، کە رێگری دەکات لەوەی ئەمریکا چەک لەنێو خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ."
کۆبوونەوەکە 7ی ئاداری 2026 لە پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق و 10 بەرپرسی دیکەی ئەمنی و سەربازی بەڕێوەچوو، بەڵام وردەکاریی گفتوگۆکان نەگوازرایەوە.
حوسێن موئنیس رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا داوای کردووە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هەڵبوەشێنرێتەوە، کە بە گوتەی ئەو، "بووەتە پاساوی ئەمریکا بۆ ئامادەبوونی لەنێو فەرماندەکاندا".
لە ساڵی 2021ەوە بزووتنەوەی حقووق وەک باڵی سیاسیی کەتائیبی حیزبوڵای عێراق دامەزراوە. ئەو کەتیبانەش لە لیستی سزادراوانی ئەمریکادایە.