پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک بۆ پرسی هێرشەکان پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان و شوێنەکان. بە گوتەی پەرلەمانتارێک، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
بڕیاری پێکهێنانی ئەو لیژنەیە لە کۆبوونەوەی 7ـی ئاداری 2026ی پەرلەمانی عێراق دراوە کە تێیدا میوانداریی 10 بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنی کرا.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکە دراوە، بەڵام ئەندامانی لیژنەکە دیاری نەکراون و دەنگیان لەسەر نەدراوە."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە، چەندین جار بە درۆن و موشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، هەروەها چەند بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە نەینەوا، بابل، دیالە و ئەنبار هێرش کراوەتە سەریان.
لە بڕیارى پێکهێنانى لیژنەکەدا هاتووە کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە دەکات کە سەرەوەرى نیشتیمانى پێشێل دەکات لەگەڵ بە ئامانجگرتنى هێزە ئەمنییەکان.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند: "کاری لیژنەکە لێکۆڵینەوە دەبێت لە هەموو ئەو هێرشانەی لە نێوخۆی عێراق کراون، بەو هێرشانەشەوە کە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون، بەڵام دیار نییە لیژنەکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات یان نا."
لە 10 رۆژی دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، ئەو گرووپەی ناوی خۆیان ناوە 'موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' 223 هێرشی درۆن و موشەکی لە ناوخۆی عێراق و ناوچەکە ئەنجامداوە، کە بە گوتەی خۆیان ئامانجەکانیان پێکاوە.