بەغدا سێ مانگ بۆ دەرمان و خۆراک پەنا بۆ ئیبراهیم خەلیل دەبات


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بڕیاری دا بۆ سێ مانگ رێگە بدرێ خۆراک و دەرمان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکرێ، بەڵام دەبێت رێکاری رادەستکردنی گومرگی پێشوەختە بێت و دواتر پاکتاوی مامەڵەکان بکرێ. بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی گواستنەوە، ئەو هەنگاوەی بەغدا بۆ رزگاربوونە لە کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمز.
 
دووشەممە 9ی ئاداری 2026، سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستەکەیان بڕیاری داوە کە خۆراک و دەرمانی هاوردەکراو لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە سیستمی گومرگی پێشوەختە بیگرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو بڕیارە بۆ سێ مانگ کاری پێدەکرێ تاوەکو 31ی ئایار. ئەو رێکارە هاوشێوەی هەموو دەروازەکانی دیکەی عێراق جێبەجێ دەکرێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی رێکخستنی پڕۆسەی هاوردەکردن و بەهێزکردنی توانای رێکارە گومرگییەکانە.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، گومرگ و سپاردەی دارایی باج بەر لە حەواڵەکردنی دۆلار بۆ هاوردەکردنی کاڵاکە رادەست دەکرێ و ئەو پارەیە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی دەستەی گشتیی گومرگ و دەستەی گشتیی باج.
 
25ی تشرینی دووەمی 2025، حکومەتی فیدراڵی دەستی کرد بە کارکردن بە رێکارەکانی گومرگی پێشوەختە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق، کە دەبێت بازرگان، گومرگ و باجی کاڵا هاوردەکراوەکەی پێشوەختە رادەست بکات و لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆدا کۆدێک وەربگرێ بۆ ئەوەی رێگەی پێبدرێت کە کاڵاکەی لە دەروازە سنوورییەکان تێپەڕێنێت.
 
سامر قاسم داود رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو بڕیارە، رێکارەکانی تایبەت بە پاکتاوی بازرگانی دواتر ئەنجام دەدرێ، دوای ئەوەی کە بەڵگەنامەکانی تایبەت بە بارەکە و مامەڵەی گومرگی کە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەرچوو، بەگوێرەی هەمان رێکار بێت کە ئێستا لەلایەن دەستەی گشتیی گومرگ و بانکی ناوەندی پەیڕەو دەکرێ بۆ حەواڵەی دەرەکی و ئەو رێکارە بۆ ئاسانکارییە لە هێنان و گواستنەوەی کاڵا بنەڕەتییەکان، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ پێویستیی ئابووری و بازرگانیی وڵات.
 
رێکاری گومرگی پێشوەختە وایکردووە هەندێک لە بازرگانان لە هەرێمی کوردستان پەنا بۆ دۆلاری بانکی ناوەندی نەبەن بەهۆی قورسیی رێکارەکان و کارکردن بە سیستمی ئەسیکۆدا کە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاری پێ ناکرێت.
 
حامی هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە رووداوی راگەیاند: "ئەو رێکارە بۆ رێگرییە لە کاریگەریی نەرێنیی داخستنی گەرووی هورمز بۆ هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان لە رێگەی بەندەرەکانی عێراقەوە، کە پێشتر ئەو جۆرە کاڵایانەی لێوە هاوردە دەکرا. پێشتر بازرگانانی عێراق لە سیستمی ئەسیکۆدا و بە گومرگی پێشوەخت خۆراک و دەرمانیان لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هاوردە نەدەکرد."
 
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 28ی شوبات-ی 2026، گەرووی هورمز بە تەواوی داخرا کە رێڕەوی سەرەکیی هەناردەی نەوت و هاوردەکردنی کاڵایە بۆ عێراق.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "کێشەی ئەو بڕیارە ئەوەیە کە بازرگان دەبێت لە هەرێمی کوردستان و لە حکومەتی فیدراڵیش گومرگ بدات ئەگەر دەرمان و خۆراک هاوردە بکرێت."