چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی بەربژێری سەرۆکوەزیران دەکات


رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران و "یەکلاییکردنەوەی" پۆستەکە بۆ محەممەد شیاع سوودانی.
 
رۆژی دووشەممە، 9ی ئاداری 2026، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پرسی پۆستی سەرۆکوەزیران دەکات."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە کۆبوونەوەکە لە ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بێت، ئەگەر شوێنەکە گۆڕانکاری تێدا نەکرێ.
 
تاوەکو ئێستا بە فەرمی نووری مالیکی، بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 27ی کانوونی دووەم دژی گەڕانەوەی مالیکی بۆ ئەو پۆستە هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لە ئەجێنداکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چارەسەرکردنی ئەم بابەتەیە. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە محەمەد شیاع سوودانی لە جێگەی نووری مالیکی بکرێتە بەربژێری هاوپەیمانییەکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
 
عەقیل ردینی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی چوارچێوەی هاوئاهەنگیشدا" باس لەوە کرا سوودانی شوێنی مالیکی بگرێتەوە، "بەڵام سازانی تەواوی لەسەر نەبوو."
 
بەگوێرەی رێکاری نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بڕیاردان لەسەر دوورخستنەوەی نووری مالیکی وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران، پێویستی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی هەیە کە لانیکەم حەوت دەنگە لە 12 ئەندامەکەی ئەو هاوپەیمانییە.
 
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر، کە هێزەکەی یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخەکە هەستیارە و پێناچێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە بڕیارێک دەربچێت."