بازرگانیی عێراق: بەشی 18 مانگ گەنمی هەڵگیراومان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان لەبارەی دۆخی ئاسایشی خۆراک و رایدەگەیێنێت، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، رەوشی خۆراک لە وڵات جێگیرە و لەژێر کۆنترۆڵدایە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، "گەنمی پێویست بۆ ساڵ و نیوێکی دیکە لە کۆگاکاندا هەیە."
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، بە رووداوی راگەیاند: "دۆسیەی ئاسایشی خۆراک لە کارە هەرە لەپێشینەکانی حکومەتە، کۆگاکانمان خاوەنی یەدەگێکی ستراتیژیی گەورەی مەوادە خۆراکییە سەرەکییەکانن وەک برنج، شەکر، زەیت و پاقلەمەنییەکان، رەوانەکردنی کاڵاکانیش بۆ بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی رێکوپێک بەردەوامە."
سەبارەت بە بەرهەمی گەنم، محەممەد حەنوون ئاشکرای کرد، گەنجینەی گەنم لە عێراق لە دۆخێکی زۆر باشدایە و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەکات، ئەمەش "سەقامگیریی بەرهەمهێنانی ئارد و دابینکردنی گەنم بۆ ئاشەکان مسۆگەر دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق باسی لە رێکارە پێشوەختەکان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێکی هەرێمی و گوتی: "کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی زیاتری گەنجینەی ستراتیژی و رێگریگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ و قۆرخکاری لە بازاڕەکاندا."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پلانێکی نوێیان بۆ دروستکردنی سایلۆی مۆدێرن و وێستگەی نوێی کۆگاکردنی دانەوێڵە دەستپێکردووە.
محەممەد حەنوون داوای لە هاووڵاتییان کرد "نەکەونە ژێر کاریگەریی پروپاگەندەکان و پێویست ناکات خۆراکێکی زۆر کۆبکەنەوە، چونکە بازاڕەکان پڕن لە کاڵا." جەختیشی کردەوە کە حکومەت بە وردی چاودێری پەرەسەندنەکان دەکات بۆ پاراستنی سەقامگیریی رەوشی خۆراک لە وڵاتدا.