عێراق بۆ کوێت: رێگە نادەین خاکمان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سوورن لەسەر پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و رێگری دەکەن لەوەی خاکی وڵاتەکەیان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێت: "حکومەت رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە زیان بە پەیوەندییەکان دەگەیێنن".
رۆژی دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، محەممەد حوسێن بەحرلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە تەلاری وەزارەت پێشوازی لە محەممەد حەسەن زەمان، باڵیۆزی کوێت لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا پێشهاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕی ئێستا تاوتوێ کران.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزی کوێت نیگەرانیی وڵاتەکەی گەیاندووەتە لایەنی عێراقی سەبارەت بەو هێرش و دەستدرێژییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە دەکرێنە سەر خاکی کوێت.
محەممەد حوسێن بەحرلعلوم رایگەیاند: "حکومەتی عێراق هەوڵێکی بێوچان و ناوازە دەدات بۆ ئەوەی عێراق لە لێکەوتەکانی شەڕ بەدوور بگرێت و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بپارێزێت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەری."
بریکاری وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە عێراق بە هەموو شێوەیەک "لۆژیکی شەڕ" رەتدەکاتەوە، بەتایبەتی بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکە وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. راشیگەیاند: "حکومەت بە رێنمایی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هەموو رێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ راوەدوونانی ئەو کەسانەی کارێک دەکەن زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان بگەیێنێت."
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاوئاهەنگیی هاوبەش کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان.
هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت. کوێت دەڵێت سەرچاوەی هێرشەکان لە خاکی عێراقەوە دەکرێت.