رووداوەکەى بەسرە، دانانی تاسە و پرد و هێماى هاتووچۆی کردە بڕیار

رووداو دیجیتاڵ

رووداوەکەی بەردەم قوتابخانەیەکی بەسرە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی شەش منداڵ، دانانی تاسەى دەستکرد، پردى پەڕینەوە، هێماى هاتووچۆ، هەروەها ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانى کردە بڕیار لە نزیک ئەو قوتابخانانەی نزیکن لە رێگە گشتییەکانەوە.
 
ئەنجوومەنى وەزیران و نووسینگەى سەرۆکوەزیران و نووسینگەى تایبەتی محەممەد شیاع سوودانى، لە ماوەى پێنج رۆژدا شەش بڕیاریان بۆ رێگرى لە دووبارەبوونەوەى ئەو جۆرە رووداوە دەرکردووە.    
 
گیانلەدەستدانى شەش قوتابیی منداڵ لە بەسرە، کە بارهەڵگرێک لێیدان، بڕیارى نوێى بۆ ئەو شارە و پارێزگاکانى دیکە بە دواى خۆیدا هێنا. 
 
 سێ بڕیارى کۆبوونەوەى 7ـی نیسانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق تایبەت بوون بە شێوازى پاراستنى قوتابییان بۆ رێگرى لە دووبارەبوونەوەى ئەو رووداوەى لە 3ـی نیسان روویدا و بەهۆیەوە شەش منداڵ گیانيان لەدەستدا، کە چواریان ئامۆزا بوون، 14ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئەنجوومەنى وەزيران بڕیاريدا؛ لەسەر داهاتى دەروازە سنوورییەکانى بەسرە، قوتابخانە لەسەر هەردوو بەرى رێگەى نێوان بەسرە و بەغدا دروست بکرێن بۆ ئەوەى قوتابییان ناچاری پەڕینەوە نەبن، ئەوە جگە لە دروستکردنى پردى پەڕینەوە لەسەر ئەو رێگە گشتییانە و ئامادەکردنى هێماکانى هۆشداریی هاتووچۆ لەسەر رێگەکان و دانانى تاسەى دەستکرد.
 
رووداوەکە لە قەزای هاریسە روویدا، لەسەر رێگەى سەرەکیى هاتووچۆى بەغدا کە بە ناوەندى شارى بەسرەی دەبەستێتەوە.
 
زۆرینەى بڕیارەکان بۆ رێگرى لە دووبارەبوونەوەى رووداوەکەى هاریسە بە ئاڕاستەى دانانى تاسەى دەستکرد و هێماکانى هۆشداریى هاتووچۆ، هەروەها دوورخستنەوەى قوتابخانەکانن لەسەر رێگەى گشتى.
 
ئەحمەد سامى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پەروەردەى کەرکووک بە رووداوى گوت "رووداوەکەى بەسرە وایکرد زیاتر فۆکەس بخرێتە سەر دۆخى هاتووچۆى قوتابییان، لەدواى ئەو رووداوە، دوامان لە یەکەى ئەندازیاریى هاتووچۆ کرد تاسەى دەستکرد لەبەردەم قوتابخانەکان دابنێن." 
 
ئەحمەد سامى ئاماژەى بەوەدا کە پێشنیازیان کردووە پۆلیسی هاتووچۆ و مامۆستایان، پێکەوە پرۆسەى پەڕینەوەى قوتابییان رێکبخەن لەکاتى دەستپێکردنى دەوام و کۆتاییهاتنى.
 
رووداوەکەى بەسرە لەکاتى تەواوبوونى دەوامى قوتابخانەدا بوو، کاتێک ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەیەکى گشتى لەو قوتابییانەى دا کە خەرکى پەڕینەوە بوون بۆ ئەوبەرى رێگە سەرەکییەکە.  
 
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پەروەردەى کەرکووک گوتى، "لەدواى رووداوەکەى بەسرە، قوتابخانەیەک لە کەرکووک دەرگاکەى لەسەر رێگەى سەرەکى بوو، هاتووچۆى قوتابییانمان گواستەوە بۆ دەرگاى پشتەوە." 
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە 3ـی نیسانى 2024، ئیحسان عەوادى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاراستەى سەرجەم پارێزگاکانى کردووە. بڕیاردراوە بە دروستکردنى پرد لە نزیک ئەو قوتابخانانەى لەسەر رێگە سەرەکییەکانن، هەروەها دانانى تاسەى دەستکرد لە نزیک ئەو قوتابخانانەى نزیکن لە رێگە گشتییەکان و نیشانەى ئاگادارکردنەوە دابندرێت بۆ هۆشداریدان لەوەى ئەو شوێنە قوتابخانەى لێیە. 
 
بڕیارێکى دیکەى ئەو نووسراوە پەیوەندیدارە بە ئامادەبوونى پۆلیسی فریاکەوتن و هاتووچۆ لە نزیک قوتابخانەکان لەکاتى دەستپێکردن و کۆتاییهاتنى دەوامى قوتابخانەکان.
 
سرووە زەنگەنە، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ژنان و خێزان و منداڵ لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هەمیشە بڕیارەکانى حکومەت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، کاتێک دەدرێن کە رووداوێک روودەدات، ئەو بودجەیەى حکومەت بۆ بارى لەناکاو هەیەتى، پێش روودانى کێشەکان خەرج ناکرێت بۆ رێگرى لێى."
 
سرووە زەنگەنە ئاماژەى بەوەدا قوتابخانەکان لە عێراق کۆنن و لەسەر شەقامى گشتین، ئەگەر پێشتر بۆ 400 قوتابی دروستکرابن، ئێستا هەر قوتابخانەیەکیان هەزار قوتابیی تێدایە، ئەگەر رێگەى بەردەم قوتابخانەکەش پێشتر رۆژانە هەزار ئۆتۆمبێلى بەسەردا رۆیشتبێت، ئێستا زیاتر لە 20 هەزار ئۆتۆمبێلى بەسەردا تێپەڕدەبێت.
 
25 هەزار قوتابخانە لە عێراق هەن و بەسەر 17 هەزار باڵەخانە دابەش بوون، بە گوێرەى وەزارەتى پەروەردە، عێراق پێویستى بە هەشت هەزار قوتابخانەی دیکە هەیە.