وێستگەکانى شەمەندەفەرى رێگەى گەشەپێدان لە سەڵاحەدین دیاریکران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق و پارێزگاى سەڵاحەدین کۆنووسى هاوبەشى نێوانیان لەبارەى ئەو وێستگانەى بۆ شەمەندەفەرى رێگەى گەشەپێدان لە پارێزگاکە دادەنرێن، واژۆ کرد. ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین دەڵێت، "زۆرینەی ئەو وێستگانە لە شارى تکریت دەبن."
9ى نیسانى 2024 رەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند، "کۆمپانیاى گشتیى رێگەى ئاسنین لەبارەى رێڕەوى رێگەى گەشەپێدان بەنێو سەڵاحەدیندا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى پارێزگاکە، کۆنووسێکى هاوبەشی واژۆ کرد."
رێگەکە دوو هێڵى شەمەندەفەرە و شەش وێستگەى گواستنەوەى گەشتیاران و کاڵاى تێدایە.
یاسین داوودى، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ئەمڕۆ سێشەممە 09-04-2024 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رێگەکە بە باکوور و باشوورى رۆژئاواى سەلاحەدین، بەتایبەتی قەزاکانى تکریت، بێجى و سامەڕادا تێدەپەڕێت. رێگەکە بە ناوچە کوردستانییەکانى تکریتدا تێناپەڕێت و سێ وێستگەی لە سنوورى تکریت دەبێت."
رێگەى گەشەپێدان 15 کۆمپانیا جێبەجێى دەکەن. بەگوێرەی دیزاین و پلانەکە، ئەو رێگەیە 1200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووی 17 ملیار دۆلارە؛ 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
هێڵەکە بە 11 پارێزگادا تێپەڕدەبێت و بە هەردوو قەزاى سامەڕا و بێجى لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین دەڕوات بەر لەوەى بگاتە سنوورى شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا و لەوێ بەسەر رووبارى دیجلەدا دەپەڕێتەوە و درێژدەبێتەوە بۆ ناحیەى رەبیعە لە سنوورى سووریا و ئینجا بۆ ناوچەى پێشابوور بەر لەوەى بچێتە باکووری کوردستان و تورکیا.