مانگی داهاتوو گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان بەغدا و بەیجینگ دەستێپدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی هاتن و چوون لە عێراقەوە بۆ بەیجینگی پایتەختی چین دەستپێدەکات و هەفتانە دوو گەشت دەکرێن.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی راگەیاند، "رۆژی 4ی ئایاری 2024 یەکەم گەشتی راستەوخۆی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ شاری بەیجینگی وڵاتی چین دەستپێدەکات. گەشتەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە دەستپێدەکات و دواتر دەچێتە فڕۆکەخانەی بەسرە و لەوێوە بۆ بەیجینگ". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، "گەشتەکان هەفتانە بۆ پایتەختی چین دوو رۆژ دەبن؛ شەممە و سێشەممە. گەڕانەوەش لە بەیجینگەوە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە دەبێت. گەشتەکانیش بە فڕۆکەی خەونەکان دەبێت کە زۆر نایاب و گونجاوە بۆ گەشتی درێژخایەن".
 
سەبارەت بەوەی دەکرێت گەشتی نێوان فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و بەیجینگیش دەستپێبکات، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، پلانی ئێستا بەو جۆرەیە کە تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا و بەسرەوە گەشتەکە بکرێت. 
 
ئەمە دەبێتە دووەمین هێڵی راستەوخۆی عێراق بۆ چین، دوای کردنەوەی هێڵی بەغدا- کونجۆ کە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد، کە ئەویش هەفتانە دوو گەشتی ئاسمانییە لەنێوان فڕۆکەخانەی بەغدا و کوانجۆی وڵاتی چین.