گەشتی شەمەندەفەری بەغدا – بەسرە دەست پێدەکاتەوە

 

 

رووداو دیجیتاڵ 

 لە دوای دوو هەفتە لە راگرتنی، گەشتی شەمەندەفەری نێوان بەغدا و بەسرە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکاتەوە.
 
پێنجشەممە 9ی نیسانی 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە (12ی نیسان) گەشتی شەمەندەفەر بۆ گەشتیاران لە هێڵی بەغدا – بەسرە دەستپێدەکاتەوە.
 
گەشتی ئەو هێڵەی شەمەندەفەری بەغدا بۆ بەسرە و بەپێچەوانەوە، لە 25ی ئادارەوە بە پاساوی ناهەمواری کەشوهەوا داخرابوو.
 
مەیسەم سافی رایگەیاند: گەشتەکە لە وێستگەی بەغداوە کاژێر 7:00ی شەو دەستپێدەکات و کاژێر 7:30ی هەمان شەو شەمەندەفەر لە وێستگەی بەسرە بەرەو بەغدا بەڕێدەکەوێت.
 
عێراق 14 شەمەندەفەری هەیە کە لە نێوان پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەشتیاران دەگوازنەوە.