عێراق دەروازەی رەبیعە دەکاتە جێگرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق کار بۆ کردنەوەی دەروازەی رەبیعە دەکات، تاوەکو لە رێگەی سووریاوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بکات و پێویستی بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان نەمێنێت.
رۆژی پێنجشەممە، 9ی نیسانی 2026، سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەم مانگەدا دەروازەی سنووریی رەبیعە لەگەڵ سووریا دەکرێتەوە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، کردنەوەی ئەم دەروازەیە دەبێتە "بژارەیەکی جێگرەوە" بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەناردە و هاوردە لەگەڵ تورکیا.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوە کرد، پەنابردنی عێراق بۆ خاکی سووریا بە مەبەستی گەیشتن بە تورکیا، پەیوەستە بە شێوازی کارکردنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
سامر قاسم داود، گوتی: "ئەگەر دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی بکرێن و بە سیستمی ئاسیکۆدا (ASYCUDA) ببەسترێنەوە، ئەو کاتە پێویستمان بەوە نابێت لە رێگەی سووریاوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بکەین."
پێشتر عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاندبوو، رۆژی 1ی ئایاری 2026، دەروازەی رەبیعە بە فەرمی دەکرێتەوە کە پێشتر بەهۆی شەڕی داعشەوە داخراوە.
لە 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، دیوی سووریای دەروازەی رەبیعەی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتە، کەوتووەتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا، پێشتر بەدەست هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە بوو.
دەروازەی سنووریی رەبیعە، لە دیوی رۆژئاوای کوردستان پێیگوترێت تل کۆچەر( کە لە سووریا بە دەروازەی یەعڕوبیە ناسراوە) لە ساڵی 2014ـەوە، دوای هێرشەکانی رێکخراوی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، بە فەرمی بەڕووی هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاریدا داخرا.
دەروازەی رەبیعە 120 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە. فەواز مەشعان، بەڕێوەبەری ناحیەی رەبیعە، رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاماژەی بە گرنگیی جوگرافیی دەروازە سنوورییەکە کرد بۆ بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق و گوتی، "مەودای نێوان دەروازەی نوسەیبینی سەر سنووری تورکیا و سووریا تاوەکو نەینەوا لە رێگەی رەبیعەوە تەنیا 180 کیلۆمەترە، لە کاتێکدا ئەو رێگەیەی ئێستا بەکاردێت (ئیبراهیم خەلیل) نزیکەی 300 کیلۆمەترە."