بۆ یەکەمجار دوای کردنەوەی ئاسمانەکەی، دوو گەشت بۆ عێراق ئەنجام دران
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە دوای کردنەوەی ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەکاندا، دوو گەشتی فڕۆکەوانی بۆ دوو فڕۆکەخانە لە عێراق ئەنجام دران.
پێنجشەممە 9ی نیسانی 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: بۆ یەکەمجار لە دوای جەنگ و کردنەوەی ئاسمانی عێراق، دوو فڕۆکە گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق کرد.
مەیسەم سافی رایگەیاند: گەشتی یەکەم فڕۆکەی کۆمپانیای (فلای دوبەی) بوو گەیشتە فڕۆکەخانەی بەسرە، گەشتی دووەم فڕۆکەی کۆمپانیای شاهانەی ئوردن بوو و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە.
ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەکاندا لە 8ی نیساندا کرایەوە، لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند: رۆژی هەینی 10ی نیسان گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای هێڵی فڕۆکەوانیی عێراق دەستپێدەکەنەوە.
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد، ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی هاتوو و رۆیشتوو داخران.