ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە رێگەی کورتەنامەوە هۆشداری دەداتە ئەندامانی بەعس

 
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی سەر بە حزبی بەعسی قەدەخەکراو لە بەغدا رادەگەیێنێت و لە رێگەی کورتەنامەوە (SMS) هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی خەریک بووە ببنە ئەندامی ئەو حزبە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە رووداوی راگەیاند: "دوای چەندین مانگ لە کارکردنی هەواڵگری و رادەستکردنی زانیاری و دزەکردنە ناو رێکخستنە نهێنییەکان، توانرا شانەیەکی هەشت کەسیی حزبی بەعسی قەدەخەکراو لە رۆژئاوای بەغدا هەڵوەشێندرێتەوە، کە پلانیان هەبوو دامەزراوە حکومییەکان بکەنە ئامانج."
 
گوتەبێژی دەزگاکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم شانەیە پێکهاتەیەکی رێکخستنییان دروستکردبوو، ناسنامە و ناوی ساختەیان بەکارهێناوە و لە رێگەی "پلەی سەربازیی ساختەوە" هەوڵیانداوە دزە بکەنە ناو دەزگا ئەمنییەکان، هەروەها وێنەی چەندین شوێنی هەستیار و ئەمنییان گرتووە، بەڵام پێش ئەوەی ببێتە هەڕەشەیەکی راستەقینە، پلانەکەیان پووچەڵکرایەوە.
 
ئەرشەد حاکم گوتیشی:" تەنیا لە ماوەی رابردوودا، 648 کەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە حزبی بەعسی قەدەخەکراوەوە دەستگیرکراون."
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی رێگەیەکی نوێی بۆ رێگریکردن لە گەشەکردنی ئەو گرووپانە گرتووەتەبەر، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی گوتی، بە رێنمایی ئەبو عەلی بەسری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، پەیامی هۆشداری لە رێگەی کورتەنامە بۆ مۆبایلی ژمارەیەک لەو کەسانە نێردراوە، کە لە ناو "کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقی بۆ گۆڕانکاری و رزگارکردن" و پلاتفۆرمە نهێنییەکان خەڵەتێنراون.