قەدەخەی تێلیگرام لە عێراق هەڵدەگیرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەڵێ، قەدەخەی سەر خزمەتگوزاریی ئەپلیکەیشنی تێلیگرام لە هەموو عێراق هەڵدەگیرێت، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرانی ئەپلیکەیشنەکە بەڵێنیاندا پابەندی مەرجە یاسایی و رێکخراوەییەکانی عێراق بن.
 
لە عێراق و باشووری کوردستان نزیکەی 16 ملیۆن بەکارهێنەری تێلیگرام هەیە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەستەکە، بڕیاری دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکە دوای ئەوە هات، بەڕێوەبەرایەتیی تێلیگرام بەڵێننامەی فەرمی پێشکێش کردووە بۆ پابەندبوون بە مەرجەکانی "فەرمانی یاسایی ژمارە 65ی ساڵی 2004" و جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی پەیوەستن بە کۆنترۆڵکردنی نێوەڕۆک، پاراستنی بەکارهێنەران و پابەندبوون بە چوارچێوە یاساییەکان.
 
جگە لە هەرێمی کوردستان، لە 3ی ئەم مانگەوە تیلیگرام لە عێراق راگیرا.
 
عەلی شێخ خاڵس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 9ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەکەمان بە فەرمی داوای روونکردنەوەی لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی کردووە کە هۆکاری راگرتنی تیلیگراممان بۆ روون بکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لیژنەکەمان وەڵامی فەرمی بەدەست نەگەیشتووە."
 
دەستەی راگەیاندن و گەیاندن ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی مەیدانی بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی تیلیگرام بە کردەیی پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە هەموو پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا لە عێراق بێ جیاوازی پابەندی یاسا کارپێکراوەکان بن، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و ئاسایشی نیشتمانیی زانیارییەکان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیلیگرام راستەوخۆ دەستبەکار دەبێتەوە کاتێک وەزارەتی گەیاندن رێکارە تەکنیکییە پێویستەکان لە رێگەی دەروازەکانی ئینتەرنێتەوە تەواو دەکات.